باوکی یەکێک لە شەهیدانی حیزبی دێموکرات لە شارەدێ پەسوێی پیرانشار دوای تەمەنێک ژیان بە ڕووسووری ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵێک کە بەدەستمان گەیشتووە، ئەحمەد پوورمحەممەد باوکی شەهید محەممەد پوور محەممەد خەڵکی پەسوێ لە ناوچەی پیرانشار رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەر بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک ئەحمەد پوورمحەممەد وەکوو زۆربەی کەسوکاری سەرفەرازی شەهیدانی حیزب و گەل ، لەماوەی ژیانیدا بە هەڵسوکەوتی کوردانەو بوێرانە نموویەکی بەرچاو لە خۆڕاگری و نیشتمانپەروەری بوو.
بە گوتەی ناسیاوانی یەکێک لە ئاواتە هەرگرینگەکانی کاک ئەحمەد پوورمحەممەد سەرکەوتنی نەتەوەکەی و بەدیهاتنی خەون و خۆزگای شەهیدانی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی گەلی کورد بوو و ، هەر بەوئاواتەش سەری نایەوە.
ناوبراو باوکی شەهید محەممەد پوورمحەممەد ناسراو بە دوکتور، کادری بەوەجی تەشکیلاتی کۆمیتەی شارستانی نەغەدە بوو ، کە لە نێوان ساڵەکانی ٦٠ و ٦١ی هەتاوی لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، لەگەڵ پۆلێک لە تێکۆشەرانی دێموکرات دەکەوێتە بۆسەی بەکرێگیراوانی ڕێژیم و پەیوەست دەبێ بە کاروانی شەهیدانەوە.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی شەهید محەممەد پوور محەممەد، پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکەش دەکا بە سەرجەم کەسوکار و بنەماڵەی خوالێخۆشبوو کاک ئەحمەد و، خۆی لە خەم و پەژارەیان بە بەشدار دەزانێ.