بە پێی ڕاپۆڕتی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی چوارشەممە 11ی ڕەزبەر، کۆمەڵێک لە بەندکراوانی سیاسیی ڕاگیراو لە گرتووخانەی ڕەجاییشاری کەرەج، ڕوو لە “جاوید ڕەحمان، ڕاپۆڕتنێری تایبەتیی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێران، لە نامەیەکی سەرئاوەڵەدا وێڕای سەرنجدان بەوەیکە “ئێستاکە سزای سێدارە لە ئێران، بە هیچ شێوەیەک ڕوانگەی حقووقی نییەو، بۆتە بە سەرەکیترین کەرەستە بۆ سەرکوت و ترساندنی سیاسییانە کە لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە بۆ خەڵکی خۆی بەکار دێت” و هەروەها سێدارە لە شوێنە گشتییەکان کە مۆتەکەیەکە بۆ ئەو مناڵانەی کە بینیویانە، داوایان لە جاوید ڕەحمان کرد کە پێوەندییە دیپلۆماتیکییەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران مەرجدار بکەن بە هەڵوەشاندنەوەو، لابردنی حوکمەکانی سێدارەو پێبەندبوون بە مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتە.
داوکاریی زیندانیانی سیاسی لە بەندیخانەکانی ئێران هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە ماوەیەک لەمەوپێش جاوید ڕەحمان ڕاپۆڕتنێری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران ، لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە داوای کردووە، ڕێگای بدەن بۆ کاروباری مافی مرۆڤ سەردانی ئێران بکات، بەڵام تائێستا لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە وڵامی نەدراوەتەوە.
شیاوی باسە نیزیک بە ١٣ ساڵ دەبێ کە دەوڵەتی تاران ئیزنی نەداوە هیچ ڕاپۆڕتنێرێکی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە سەردانی ئێران بکا.