دوو هاووڵاتیی شنۆیی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە دژبەرەکانی ڕێژیم دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆڕتی ناوەندی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە 12ی ڕەزبەری 1397ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ لە گوندی “دەشتەبێڵ” کەسێک بە ناوی “ڕزگار مەعرووف” کوڕی ئەحمەد دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ناوبراو بەبێ هەبوونی بەڵگەی قەزایی دەسبەسەر کراوە و بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە بە تۆمەتی هاوکاریی یەکێک لە حیزبەکانی دژبەری ڕێژیم گیراوە.
“ڕزگار مەعرووف” تەمەنی 26 ساڵە و خوێندکاری بواری “مێعماری”یە لە زانکۆی ورمێ، کە پێشتریش لە ساڵی 1394 لە دوای بڵاوکردنەوەی گۆڤارێکی خوێندکاری، بانگکرابوو بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردبوو.
هاوکات هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە گەڕەکی “تاچیناوێ”ـی شنۆ هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی “عوسمان زەبرە” و لەدوای گەڕان لە ماڵەکەی ناوبراویان بە تۆماتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی ڕێژیم دەرسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە و تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی ئەم دوو دەسبەسەرکراوە نییە