محەممەد بن سەلمان ڕۆژی هەینی 13ی ڕەزبەری 1397ی هەتاوی لە چاوپێکەتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەی “بلوومبێرگ”، وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر ئەوەیکە لە بەرامبەر هەر بەرمیلە نەوتێک کە لە ژێر کاریگەریی گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کەمتر هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێ، وڵاتەکەی ئامادەیە دوو بەرمیل نەوت هەناردە بکا، گوتی ئێمە هیچکات نرخی نەوت دیاری ناکەین و، ئەم بابەتە هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ ڕێژەی ویست، یان هەناردەی نەوت نییە.
محەممەد بن سەلمان، سەبارەت بە بازاڕەکانی نەوت گوتی: ئەمریکا داوای لە سعوودیەو، سەرجەم وڵاتانی ئەندامی “ئۆپێک” کردووە کە قەرەبووی نەوتی کەمکراوەی ئێران لە بازاڕەکانی نەوت بکەینەوە، ئێمە ئاگادارین کە ئێران ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکەی بۆ 700 هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا کەمکردۆتەوە و، ئێمەش لە بەرامبەردا ڕێژەی بەرهەمهێنانمان بۆ میلیۆنێک و 500 هەزار بەرمیل بەرزکردۆتەوە.
لە هەمانکاتدا ئێمە ڕایدەگەێنین کە وڵاتی سعوودیە ئامادەیە لە بەرامبەر هەر بەرمیل نەوتێک کە ئێران هەناردەی ناکا، ئێمە دوو بەرمیل نەوت هەناردە بکەین.
هەروەها لەمەڕ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە مانگی ڕابردوودا گوتی: ئێمە بە هیچ شێوەیەک نرخ دیاری ناکەین و بەرزبوونەوەی نەرخی نەوت لە ماوەی مانگی ڕابردوودا پێوەندی بە کێشەکانی وڵاتانی کانادا، لیبی و وێنێزۆئێلا و وڵاتانی دیەوە هەبووە.
بڕیارە لە 13ی مانگی خەزەڵوەر گەڕی نوێی گەمارۆکان بەسەر ئێراندا بسەپێندرێ لە لایەن ئەمریکاوە، کە زیاتر جەخت لە کەرتی وزەو نەوت دەکاتەوە و ، هەر ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەیکە ئابووری ئێران لەوەیکە هەیە زیاتر داڕمان بەخۆیەوە ببینێ و، لە بەرامبەردا توانای کڕینی خەڵک زیاتر دادەبەزێ و، لە ئاکامدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاریی ڕەها لەو وڵاتەدا.