خاتوونێک دوای ئەوەیکە بە ھۆی ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ دزێوترین ھێزی سەردەم، واتە داعش تووشی ڕەنج و مەرارەتێکی زۆر دەبێت، نە تەنیا وەک زۆر مرۆڤی دیکە ڕقی تۆڵە ھانی نادات کە پەنا بەرێتە بەر شێوازی نابەرپرسانە و توندوتیژی، بەڵکوو دەبێتە ھێمایەک بۆ ڕەنج و مەرارەتەکانی کوردانی ئیزەدی بە تایبەت ئافرەتان بە دەست ئەندیشەی توندئاژۆی سەلەفی و لەم پێناوەدا وەک مرۆڤێکی بەرپرس لە بەرامبەر مرۆڤایەتیدا حەول دەدات. «نادیە موراد» ئەو کیژە کوردە ئیزەدیەیە کە ھاوڕێ لەگەڵ «دێنیس موکوێگی» کۆنگۆیی ئێستا خەڵاتی ئاشتی نۆبێلی ٢٠١٨ وەردەگرێ. «بەرەی یەکگرتووی کورد» خۆی بە بەختەوەر دەزانێ کە ھاوڕەگەزی ئەم کیژەیە و پیرۆزبایی وەرگرتنی ئەم خەڵاتە لە ھەموو گەلی کورد و ئەم خاتوونە دەکات و ھیوادارە ئەندیشەی دژە توندی تیژی و ھێـمنایەتی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە گەشە بێت و ھیچ مرۆڤێک نەبێتە قوربانی جۆرێک بیر کردنەوەی تایبەت و بە زوویی کۆتایی بە کورد کوشتن و ئازاری مرۆڤ بێت.