ئەمرۆ لێژنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل، لە وڵاتی نوروێژ، خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلی ساڵی ٢٠١٨ بە هاوبەشی بەخشی بە نادیە موراد ، کچە کوردی ئێزەدی و دنیس مۆکۆیگی کۆنگۆیی.
نادیا موراد کە بنەماڵەکەی لە لایەن چەکدارانی داعشەوە دەکوژرێن و بۆخۆیشی ماوەیەک کنیزی ئەو چەکدارانە بووە، کە پاش هەڵاتنی هەموو هەوڵی خۆی وەگەڕ خست بۆ ئەوەی باس لە کارەساتی هێرشی داعش بۆ سەر کوردستان و ناوچەی شەنگاڵ بکات، بەتایبەتی باس لە بە دیلگرتن وتوندوتیژی لە گەڵ ژنان و منداڵانی کرد لە شەڕەکان کە هەمیشە یەکەم قوربانی جەنگ و هێرشەکانن.
جێیئاماژەیە شەش کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی نادیە موراد لە پێش چاوانی بە دەستی چەکدارانی داعشەوە کوژراون و، خۆیشی تووشی ئازار و، چەسانەوە بوو.
نادیە موراد دوای هەڵاتن و باسکردنی ڕاستییەکان و، گەیاندنی بە گوێ ڕای گشتی و دنیای دەرەوە، چەندین خەڵاتی نێونەتەوەیی پێبەخشراو، پاشان وەکوو بەربژێری خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل ناسێندرا.
ئەمرۆ هەێنی ١٣ی ڕەزبەر لە لایەن سەرۆکایەتی لێژنەی خەڵاتی جیهانیی ئاشتیی نۆبێل، ئەو خەڵاتە لەژێرناوی “کۆتایی هێنان بە توندوتێژی جینسی ، وەکوو چەکیکی جەنگی” بەخشرا بەو کچە ئیزەدییەو هەروەها دەنیس مۆکۆیگ، پزیشکی بواری ژنان، خەڵکی وڵاتی کۆنگوو.
بەخشینی ئەو خەڵاتە بە کچەکوردی ئێزەدی لە میدیاکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی هەبووە، هەروەها ئانگلا مێرکێل سەرۆکوەزیرانی باڵای ئاڵمان ، بە بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆی لەگەڵ نادیە موراد ئەو دەسکەوتەی پیرۆزبایی کردووە.
شیاوی باسە نادیە موراد دوای مەلالە یووسف لاوترین کەسێکە لە ئاستی جیهان کە ئەو خەڵاتەی پێبەخشراوەو هەروەها یەکەم کوردە کە بۆتە براوەی ئەو خەڵاتە.