بەپێی ئەو ڕاپۆڕت و زانیارییانەی لەنێوخۆی وڵات بە دەستمان گەیشتووە،
کۆماری ئیسلامی هێزێکی زۆر نیزامی و سەربازی لە گەڵ چەکوچۆڵی قورس و، نیوە قورس گواستووتەوە بۆ کوردستان و کەشێکی ئەمنیەتی بە سەر کوردستان بەگشتی و، بە تایبەتی ناوچە سنوورییەکان کشاوە.
هاووڵاتییەک لەشاری سنەوە بە “کوردستان وکورد”ی ڕاگەیاند؛ نیزیک بە سێرۆژە حاڵەتی نائاسایی(ئامادەباشی ڕانەگەیاندراو) لەو شارە هاتووتە ئاراوەو، هەروەها هێزێکی زۆر لە پارێزگاکانی زەنجان و هەمەدانەوە لە ڕێگای سنە، دیواندەرە، بەرەو مەریوان وەڕێ کەوتوون.
لە لایەک دیکەش لە نێوخەڵک بڵاویان کردووتەوە کە گوایە هێرش دەکەنە سەر حیزبەکانی کوردستان و، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوو، مانۆڕێکی بەربڵاوی سپای پاسداران و هێزەکانی دیکە ڕێژیم لە پارێزگای سنە لە ژێرناوی”اقتدار عاشواریی سپاە پاسداران” بەڕێوەبچێت.
جموجۆلە نیزامییەکان لە کاتێکدایە کە جیا لە گوشارە نێونەتەوەییەکان بۆ سەر ئێران، خەڵکی کوردستان لە مانگرتنی سەرانسەریی رۆژی ٢١ی خەرمانان، ترس و نیگەرانییان بۆ ناوەندە ئەمنییەکان دروست کردووە.
هەر لە پێوەندی لەگەڵ میلیتاریزە کردن و، موڵدانی هێزی نیزامی لە شارەکانی کوردستان ، بە پێی گرتە ڤیدیۆیەک کە لە شاری “ورمێ”یەوە بە دەستمان گەیشتووە ئەمڕۆ ١٢ی ڕەزبەر، ڕێژیم چەکی قورسی بۆ ئەو ناوچە گواستووتەوەو، لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان هێزیکی زۆری جێگیر کردووە.
شیاوی باسە هاوکات، سنوورەکانی نێوان ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان لە لایەن سپای پاسدارانەوە تۆپباران دەکرێن.