بە گوتەی گوتەبێژی دەزگای دادوەریی ئێران، دادگای تایبەت بە گەندەڵیی ئابووری لەو وڵاتە حوکمی سێدارەی بەسەر سێ کەسدا سەپاندووە و ٣٢ کەسی دیکەش زیندانی درێژخایەنیان بۆ بڕاوەتەوە.
غوڵامحوسێن موحسنییئێژەیی، گوتەبێژی دەزگای دادوەریی ئێران، دوێنێ بە میدیاکانی ڕاگەیاند: “سێ کەس بە تاوانی “مفسد فی ارض” واتە دژایەتیکردنی خوا و هەڵگەڕاوە و تێکدانی بارودۆخی ئابووریی وڵات، حوکمی سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە و بۆ پەسەندکردن ڕەوانەی دادگای باڵا کراون”.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران، هاوکات لەگەڵ ئەو سێ کەسە، ٣٢ کەسی دیکەش زیندانی درێژخایەنیان بۆ بڕاوەتەوە.
دادگای تایبەت بە گەندەڵیی ئابووری هاوینی ئەمساڵ و پاش سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری و تێکچوونی ڕەوشی بازار، لەسەر داوای سەرۆکی دەزگای دادوەرییەوە دامەزراوە و عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێرانیش پەسەندی کردووە.
ئەو حوکمانەی لەو دادگایە دەدرێت، بێجگەلە لە سێدارە، دەستبەجێ جێبەجێ دەکرێن و حوکمی سێدارەش، ١٠ ڕۆژ مۆڵەتی پێ دەدرێت هەتا ناڕەزایی دەرببڕێت و دوایی ڕەوانەی دادگای باڵا دەکرێت”.
سەرچاوەکانی دەزگای دادوەری هیچ ئاماژەیەکیان بە وردەکاریی ئەو حوکمانە و ناو و ناسنامەی تۆمەتبارەکان نەکردوە.
ئەم کارەی بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کاتێک دایە کە نێوە نێوەو بەردەوام هەواڵی دزینی چەندسەد میلیارد دۆلاری لەلایەن یەکێک لە بەرپرسانی باڵای ئەو ڕێژیمەو هەڵاتنیان لە ئێران بڵاو دەبێتەوەو، هیچ بەدواداچوونێکیشی بۆ ناکرێ. بەڵام بۆ پەردەپۆش کردنی کارەکانیان و، هەروەها دمبەست کردنی ڕای گشتی دەست دەکەن بە سزادانی کەسانی کەم تاوان و نەناسراو.