دادستانیی تورکیە داوای دەسبەسەر کرانی ٤١٧ کەسی کردووە بە تۆمەتی سپی کردنەوەی پارە.
ئەو کەسانە تۆمەتی ئەوەیان لەسەرە کە دوو میلیار و ٥٠٠هەزار لیرەی تورکییان هەناردەی بانکەکانی دەرەوەی ئەو وڵاتە کردوە. بەشێکی زۆر لەو کەسانە بە ڕەگەز ئێرانین.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لەسەر زاری سی ئێن ئێنی تورکیە بڵاوی کردەوە کە ئەو کەسانەی کە بە تۆمەتی سپی کردنەوەی پارە و، شەلەل کردنی بازاڕی دراوی تورکیە دەسبەسەرکراون زۆربەیان ئێرانییەکانی دانیشتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکان، ئەو کەسانە بە ڕاگواستنی نایاسایی دوو میلیار و٥٠٠ هەزار لیری تورکی بەرامبەر بە ٤١٩ میلیۆن دۆلار بۆ زیاتر لە ٢٨هەزار ژمارە حیساب لە بانکەکانی دەرەوەی ئەو وڵاتە تۆماتبارن.
تیمە هاوبەشەکانی پۆلیسی ئیستانبوڵ لە سەرلەبەیانیی دۆینێ سێشەممە ١٠ی ڕەزبەر، لە چالاکییەکی هاوبەش و هاوکاتدا لە چەند پارێزگای تورکیە دەستیان بە پشکنین و گەڕانی هەندێک ماڵ، شوێن و ڕێکخراو، چەند سەد کەسێکیان دەسبەسەر کردووە کە ڕێژەی تەواوی دەسبەسەرکراوان تا ئێستا بە ڕوونی دیار نییە بەڵام سەرچاوەکانی هەواڵدەریی ئەو وڵاتە تا ٤١٧ کەس دەسبەسەرکراویان بڵاو کردۆتەوە.
بە پێی ڕاپۆڕتی هەمان سەرچاوە، کاربەدەستانی قەزایی تورکیە لەبەرامبەر ئەم ڕووداوە بێدەنگیان هەڵبژاردووەو تاوەکوو ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە و دەگوترێ هەوڵی کۆماری ئیسلامییە بۆ دەوردانەوەی گەمارۆکانە کە ئێرانی تووشی گرفتی جیددی ئابووری کردووە.