لە دەیەمین رۆژ لە مانگرتنی کامیۆنداران و خاوەن بارهەڵگران لە زۆربەی شارەکانی ئێران، دوو شوفێر کامیۆنی خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەکران.
بە پێی ڕاپۆڕتی هەواڵدەریی موکریان لە رۆژی شەممەوە ٧ی ڕەزبەر دووبرا بەناوەکانی فواد و ئازاد ئەمجەدی بە هۆی بەشداریی لە مانگرتنی سەرانسەریی کامیۆنداران و، شوفێربارهەڵگرەکان ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەرکراون.
هەر بە پێی ئەوسەرچاوەیە مەئموورانی ئەمنیەتی بە مەبەستی پشکاندن، سەردانی ماڵی ئەو دوو کەسەیان کردووە.
شیاوی باسە لە یەکەمین رۆژی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵەوە ، خولی نوێی مانگرتنی شوفێر بارهەڵگرەکان و کامیۆنداران بە دژی گرانی و نەبوونی پێداویستییەکان و هەروەها خەمساردی بەرپرسان و ناوەندە پێوەندیدارەکان دەستی پێکردووە.
هەروەها ناوەندە ئەمنییەکان لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە لە هەوڵدان کۆتایی بەو مانگرتنانە بهێنن، بەڵام لە دەیەمین رۆژ لەو مانگرتنانەدا باس لەوە دەکرێ زیاتر ٢٠٠شار پەیوەستبوون بەو مانگرتنانەو، بەشێک لە بازاڕییەکانیشی گرتووتەوە.
شیاوی باسە لە شاری بۆکانیش ٥ شوفێری مانگرتوو، دەسبەسەرکراون.
دەسبەسەرکردن و گوشارخستنە سەر کامیۆنداران لە شارەکانی ئێران و، کوردستان، لە کاتێكدایە کە چەندرۆژ لەمەوبەر سادق لاریجانی بەرپرسی دەزگای قەزایی ئێران بە توندی هەڕەشەی لە مانگرتووان کردبوو، کە ئەگەر واز لە مانگرتن نەهێنن بە تاوانی “قطاع الطریق” چەتەگەریی، سزا دەدرێن.