بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەچەکدارەکانی ڕێژیم لە ناوچەی ورمێ دوو کۆڵبەری دیکەی کورد، کوژراو و بریندار بوون.
بە پێی ڕاپۆڕتی ناوەندی دێموکراسی ومافی مرۆڤی کوردستان، رۆژی دووشەممە ٨ی ڕەزبەری ٩٧ی هەتاوی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، موڵدراو لە سنووری سۆمای برادۆستی ناوچەی ورمێ، کۆمەڵێک کاسبکارو کۆڵبەریان دایە بەر دەستدرێژی گوللەو، لە ئاکامدا کەسێک بەناوی ئەکرەم خەلیلی کۆرانی ، تەمەن ٢٧ساڵ، خەڵکی ئاوایی کۆران، گیانی خۆی لە دەستدا.
شیاوی باسە ئەو کۆڵبەرە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە تەقەی لێکراوەو، دەگوترێ هیچ کەلوپەلێکی قاچاخی پێنەبووە
جێیئاماژەیە رۆژێک پێش ئەوەش کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی شەفیعمحەممەدپوور، خەڵكی شارۆچکەی سیلوانا، بە تەقەی چەکدارانی سەرسنوور، بریندار دەبێ و، بۆچارەسەریی پزیشکی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشانەیەک لەشاری ورمێ.
بە لەبەرچاو گرتنی ئەم دوو ڕووداوە، تەنیا لەسەرەتای مانگی ڕەزبەرەوە ٨کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان کوژراو و برینداربوون. کە چوار لەوان بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان بووە، ئەوانەی دیکەش بە هۆی رووداوی سروشتی ، یان تەقینەوەی مین بووە.