لە درێژەی کشانەوەی وڵاتانی بیانی لە پێوەندیی ئابووری و بازرەگانی لەگەڵ ئێران، وڵاتی مالزیش پەیوەست بوو بەو وڵاتانەوە کە بە هۆی گەمارۆەکانی ئامریکا، پێوەندیی بازەرگانی خۆیانیان لە گەڵ ئێران پچڕاندووە.
ماهاتیرمحەممەد سەرۆکوەزیری مالزی گوتی: بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکا ، پێوەندیی تیجاری وڵاتەکەی لە گەڵ ئێران تاڕادەیەکی بەرچاو دادەبەزێنێ و، لە وانەشە بەتەواوی هەرچەشنە پێوەندیی بازەرگانی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ڕابگرێ.
سەرۆکوەزیری مالزی لە پەراوێزی کۆڕی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە وتووێژێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند؛ سیاسەتەکانی دەوڵەتی تڕامپ و ڕەوتی جیهانی سازی ئابووری لەسەر وڵاتێکی چووکە وەکوو مالزی کاریگەریی داناوە و، بۆیە ئاڵۆگۆڕە بازەرگانییەکانمان لەگەڵ ئێران کەم دەکەینەوە.
ماهاتیرمحەممەد لە درێژەی قسەکانیدا ئەگەرچی ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ئامریکا گرت، بەڵام ڕایشگەیاند؛ کە لەم هەلومەرجە تێچووی پێوەندیی ئابووری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی زۆرەو، هەربۆیە ئاستی ئەو پێوەندییە ئابوورییەکانمان کەم دەکەینەوە.
سەرۆکوەزیری مالزی بە ئاماژەدان بە کاریگەریی سەرپێچی کردن لە گەمارۆکانی ئامریکا و خەسارەکانی بۆسەر وڵاتەکەی، لەو بارەوە گوتی: ئەگەر ئاستی پێوەندییەکانمان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی کەم نەکەینەوە، گەمارۆکانی ئیدارەی تڕامپ کاریگەریی نەرینی وخراپ بەسەر بایەخی دراوی مالزی و، سیستەمی بانکی ئەو وڵاتە دادەنێ و، هەربۆیە ناچارین لە پێوەندیی بازەرگانی لەگەڵ ئێران بکشینەوە.
جێیوەبیرهێنانەوە لە مانگی ژانۆیەی ٢٠١٧ لە نێوان دوو وڵاتی ئێران و مالزی گرێبەستی تیجاری ئازاد، واژۆکراوەو لە مانگی ڤوریەی هەمان ساڵدا، دوو شیرکەتی نەوتی مالزیایی و ئێرانی لەسەر مەیدانە گازییەکانی فێردەوسی و گۆڵشەن، ڕێککەوتوون، بەڵام دوای وەگەڕ خستنەوەی گەمارۆکانی ئامریکا بۆسەر ئێران، ئەو گرێبەستانە تووشی کێشە بووەو، تاکوو ئێستا زیاتر لە ٥٤ کۆمپانی و شیرکەتی ئابووری وبازەرگانی گرێبەستەکانیان لە گەڵ ئێران هەڵوەشاندۆتەوە یان ڕایانگرتووە.
هەروەها دەگوترێ بڕیارە عەرەبستانی سەعودی لە پێوەندییە بازەرگانییەکانی مالزی، بە تایبەتی لە بواری نەوت وگاز، جێگای ئێران دەگرێتەوە.
شیاوی باسە دوای سەردانی مەلەک سەلمان لە زستانی ساڵی ٩٥ی هەتاوی، لە وڵاتی مالزی، هەردوو وڵاتانی مالزی و عەڕەبستانی سەعوودی ، بەتوندی دەستێوەردان و سەرەرۆییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە وڵاتانی ناوچە بە تایبەتی لە سووریە و عێراق و یەمەن مەحکووم کردو، هەروەها لەسەر پتەوکردنی پێوەندییە نیزامییەکانیان پێداگرییان کرد.