ئەمڕۆ دووشەممە٩ی ڕەزبەر سپای پاسداران سەرلەنوێ کوێستانەکانی بەربەزین و گەروزینی تۆپباران کرد و، خەساری زۆری بە ژینگەی ئەو ناوچانە گەیاندووە.
بەپێی ڕاپۆڕتی کۆمیتەی سنووری حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی ڕەزبەری ٩٧ی هەتاوی، سپای پاسداران سەرلەنوێ هێرشی کردووتە سەر سنوورەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان و بە چڕی تۆپبارانی کردووە.
عەزیزسدقی کادری کۆمیتەی سنووری حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕایگەیاند؛ بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە دیسان هێرشی هەوایی و تۆپبارانی کوێستانانی بەربەزین و گەروزین، کە بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لێ نیزیکە، گرتووتەوەو، تاکاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە ئەگەرچی ئەو هێرشە هەر بەردەوامە، بەڵام خەساری گیانی نەبووەو پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەموویان سڵامەتن.
شیاوی باسە دەگوترێ سەرەتا مووشەکێک لەو ناوچانە دراوەو پاشان تۆپباران دەستیپێکردووە.
گوشارەکانی سپای پاسداران لە کاتێکدایە کە رۆژ نیە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان تۆپباران نەکات و، سەروەری وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی هەرێمی کوردستان پێشێل دەکات.