سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە ٩ی ڕەزبەر سپای پاسداران بە بیانووی تۆڵە سەندنەوەی هێرشەکەی شاری ئەهواز، ناوچەیەکی لە وڵاتی سووریەی مووشەکباران کرد.
سپای پاسداران ڕایگەیاند؛ کە بنکەی سەرکردەکانی ئەو گرووپەی کە هێرشی چەکدارییان کردە سەر مانۆڕی نیزامی لە شاری ئەهواز، مووشەکباران کردووە.
لە بەیاننامەکەی سپای پاسداران بە روونی ناوی ئەو گرووپە نەگوتراوە کە هێرشی هەواییان کردووتە سەر و، تەنیا رایگەیاندووە کە تۆڵەی کوژراوانی رۆژی ٣١ی خەرمانانیان سەندوتەوە.
سپای پاسداران ئیدیعا دەکا کە ئەو مووشەکانە نێوانی ٧٥٠تا ٨٠٠ کیلۆمیتر دەبڕێ و، لە پارێزگای کرماشانەوە بەرەو ناوچەیەک لە رۆژهەڵاتی فووڕات لە سووریەی هاوێشتووە.
سەرەڕای ئەوەی کە هەواڵدەریی فارس بە خەستی باسی هێزو توانای مووشەکیی ئێران دەکا، بەڵام بە پێی ئەو گرتە ڤیدیویانەی بڵاو کراونەتەوە، دوو لەو مووشەکانە هەر لە پارێزگای کرماشان بەربوونەتەوەو ، خەسارێکی زۆریان بە ژینگەی ئەو ناوچە گەیاندوە.
شیاوی باسە حوسێن سەلامی فەرماندەی پلە بەرزی سپای پاسداران سەرلەنوێ ڕایگەیاند؛ کە دژبەرانی ڕێژیم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە دوو وڵاتی عێراق و سووریە دەکەنە ئامانج و، ڕێگە نادەن لەو وڵاتانە بەدژی کۆماری ئیسلامی چالاکییان هەبێ.