پێکهێنانی کەشێکی ئەمنییەتی و زیادکردنی زەخت و گوشاری زۆری ڕێژیم لە ئەهواز، بوو بە هۆی کوژرانی لاوێکی ٢٢ ساڵە و شەڕو تێکهەڵچوون نە نێوان هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و خەڵکی ئەو شارە .
لە دڕێژەی ئەم تێکهەڵچوونەدا، خەڵکی ئەهواز مەئموورێکی چەکدار و، کارمەندێکی شارەوانیی ئەو شارەیان گرت و، لە ئاکامی لێدانی ئەو دووانە بە سەختی بریندارن.
دۆینێ هەینی 6ی ڕەزبەر ئەو تێکهەڵچوونە کاتێک ڕوویدا کە هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردە سەر بازاڕی پەلەوەر هەڵکەوتوو لە پرۆی نادریی ئەهواز و دەستیان کرد بە کۆکردنەوە و زەوت کردنی کەرەستەی کاسبکارانی ئەو بازاڕە و خەڵکیش لە بەرپەچدانەوی ئەم کارە هێرشیان بردە سەر مەئموورانی شارەوانی و هێزە چەکدارەکان و لە ئاکامدا چەکدارەکان تەقە لە کەسێک بە ناوی مستەفا حەیدەری دەکەن و ، هەر لەوێ گیانی لەدەست دا.
لە دوای کوژرانی ئەو لاوە خەڵک بە توڕەییەوە هێرش دەکەنە سەر مەئموورانی شارەوانی و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم.
شیاوی باسە دوای هێرشی چەکداریی بۆ سەر مانۆڕی هێزە نیزامییەکان لە ئەهواز، کەشی ئەمنییەتی لە پارێزگای خووزستان و شاری ئەهواز هاتووتە ئاراوە.