وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەیاننامەیەک لەبارەی ژیان و ئاسایشی کارمەند و دیپلۆماتکارەکانی لە عێراق بڵاوکردەوە.
رۆژی شەممە 29/9/2018، میدیا ئەمریکاییەکان بەیاننامەیەکی مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان بڵاو کردەوە، کە تێیدا رایگەیاندووە، چەند هەفتەیەکە هەڕەشەکانی سەر کارمەند و دیپلۆماتکارەکانی ئەمریکا زیاد بووە.
مایک پۆمپیۆ هەروەها رایگەیاندووە، سەرچاوەی ئەو هەڕەشانە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و سوپای قودسی ئەو وڵاتەوەیە و میلیشیا عێراقییەکانیش هاوکاریی سوپای قودس دەکەن لە جێبەجێکردنی هەڕەشەکان.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لەم ماوانەی دواییدا، رووداوی تەقەکردن و ئاراستەکردنی مووشەک بۆ کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە عێراق زۆر زیاتر بووە لە جاران.
مایک پۆمپیۆ هەڕەشەی لە ئێران و میلیشیا عێراقییەکان کردووە و رایگەیاندووە، ئەمریکا ”وەڵامی گونجاو“ی بۆ هەر هێرشێک بۆ سەر بەرەژەوەندییەکانی، دەبێت.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 27/9/2018، بە سێ مووشەک کونسوڵخانەی ئەمریکا، کە کەوتووەتە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە، کرایە ئامانج.
دوای ئەو رووداوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕیاری کشاندنەوەی فەرمانبەر و دیپلۆماتکارەکان و داخستنی کونسوڵخانەکەی دا و، داواشی لە هاووڵاتییانی کرد گەشت بۆ عێراق نەکەن و وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ”بەداخەوەین“ بۆ داخستنی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە بەسرە.
بەهۆی ناکارایی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، دەیان میلیشیا و گرووپی چەکداریی توندڕەو و تیرۆریستی لە شەقام و شارەکانی عێراق دروست بوون و بەردەوام کردەی تاوانکاری و تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.