ئەمڕۆ شەممە 7ی ڕەزبەر، حەوتەمین ڕۆژی مانگرتنی سەراسەریی شۆفێری بارهەڵگرەکان لە شارە جیاجیاکانی ئێرانە و بەپێی بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە 229 شار و 31 پارێزگای ئێران لەم مانگرتنە مەدەنیی و ناڕەزایەتییەدا بەشدران.
بەڕێوەچوونی ئەم مانگرتنانە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی پێنج شەممە 5ی ڕەزبەر “ئیسماعیل سادقیینیارکی” دادستانی گشتیی پارێزگای قەزوین، باسی لە دەسبەسەرکرانی 15 کەس لە مانگرتووان کردو، ڕایگەیاند؛ ئەو کەسانە بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی ڕێگەوبان و گواستنەوەو گەیاندنی پارێزگا دەسبەسەر کراون.
ناوبراو لە لێدوانێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی “مێهر” بە گفتێکی پڕ لە هەڕەشەوە گوتی: هەر کەسیک کە ببێتە هۆکاری تێکدانی ژیانی ئاسایی خەڵک لە بواری گواستنەوەو گەیاندن بە توندترین شێوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکردرێ.
مانگرتنی بارهەڵگران لە ڕۆژی حەوتەمی خۆی هەروا بەردەوامە. دوێنێ هەینی 6ی ڕەزبەر، سەرەڕای بەرگری و زەختی زۆری هێزەکانی دژە شۆڕسی ڕێژیم لە تێرمیناڵی شاری مەشهەد هەر بەردەوام بوو.
لە لایەکی دیکەشەوە ڕۆژی چوارشەممە 4ی ڕەزبەر شێرکەتە نەفەربەرییەکانی “ئێران پێیما، هەمسەفەر، تی بی تی، ڕۆیاڵ سەفەر” و چەندی تریش لە شارەکانی ئەهواز، ئابادان، خوڕەمشار، ئیزە و سەرجەم شارەکانی دیکەی پاڕێزگای خورستان بۆ پشتیوانی کردن لە بارهەڵگران کارەکەیان ڕاگرت و بڵیتیان بە مسافیرەکانیان نەفرۆشت.
هەروەها ئوتووبووسەکانی تێرمیناڵی شاری دێزفول بۆ پشتیوانی لەو مانگرتنە ڕۆژی پێنجشەممە مانیانگرت و خۆیان لە گواستنەوەی مسافیرەکان بوارد.
لە لایەکی دیکەشەو شۆفێرانی “جەرەسەقیل”ـەکانیش پێوەست بوونە بەو مانگرتنانەوەو ڕایانگەیاندووە تا کۆتایی پشت و پشتیوانی شۆفێرانی بارهەڵگرانی ئێرانین.