لە تەقینەوەیەكی مەترسیداردا، یەكێك لە چاڵەنەوتەکانی نەوت شار لە پارێزگای كرماشان ئاگری گرت.
بەپێی ڕاپۆرتی ماف نیووز، سەرلەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو لە چاڵە نەوتی ژمارە ٢٤ی نەوت شاری كرماشان، لە حاڵێكدا كە كرێكارەكان خەریكی هەڵكۆڵینی ئەم چاڵە بوون، لەناكاو تەقینەوەیەك ڕووی دا كە بە قسەی كۆمەڵێك لە سەرچاوە هەواڵدەرییەكان، ئەم ئاگركەوتنەوەیە، بریسكەیەكە بۆ ئەگەری ئاگركەوتنەوەیەكی گەورە لە نەوت شار.
ئەم تەقینەوەیە لە لایەن گرووپەكانی ئاگركووژێنەوە كۆنتڕۆڵ كرا، بەڵام دەگوترێ بەهۆی نەبوونی ستانداردە ئەمنیەتییەكان كە هۆكارەكەی بۆ نەبوونی بوودجە دەگەڕێتەوە، ئەگەری ڕوودانی تەقینەوەیەكی دیكە لە نەوت شار یەكجار زۆرە، كەچی تا ئێستاش سەرچاوە هەواڵدەرییە حكوومییەكان خۆیان لە بڵاو كردنەوەی ئەم هەواڵە دزیوەتەوە.
چاڵە نەوتی ژمارە ٢٤ی ئەم مەیدانە نەوتییە ڕۆژی ٨ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٨٩ بەهۆی بڵاو بوونەوەی گاز ئاگری گرت بەجۆرێك كە گڕی ئەم ئاگرە تا ٧٠ میتر تەشەنەی كردووە. لە ئەنجامدا پاش ٣٨ ڕۆژ ئەم ئاگرە دامركایەوە، بەدوای ئەم ڕووداوەدا ٤ كەس لە كرێكارانی شیركەتی نەوت گیانیان لە دەستدا و ١٢ كەسی دیكەش بریندار بوون. لەم ڕووداوەدا، سەرجەم ١٥٢ هەزار بۆشكە نەوت سووتا، ئەوە لە حاڵێك دایە كە سەرچاوەكانی دیكە باس لە سووتانی ٣٤٢ هەزار بۆشكە نەوت لەم ڕووداوەدا دەكەن.
بڕی هەڵێنجانی نەوت لەم چاڵە بەهۆی ئاگركەوتنەوەی ڕۆژانە ٨ تا ٩ هەزار بۆشكە مەزندە كراوە.
شایانی باسە مەیدانی نەوت شار لە مەودای ١٠٠ كیلۆمیتری باكووری ڕۆژاوای ئیلام و لە ٢٢٥ كیلۆمیتریی باشووری ڕۆژاوای كرماشان و لە ٦٠ كیلۆمیتریی قەسری شیرین هەڵكەوتووە. ئەم مەیدانە نەوتییە لە ساڵی ١٩٢٣ی زایینی لە تاقدیسی نەوت شار دۆزرایەوە.