بە بۆنەی حەوتووی تایبەت بە شەڕی ئێران و عێراق لە ژێرناوی حەوتەی “بەرگری پیرۆز” لە زۆربەی شارەکانی ئێران و، کوردستان بۆ نواندنی ئاستی توانایی نیزامی و هەروەها هەڕەشەکردن لە دژبەرانی رێژیم، هەموو ساڵێک کۆمەڵێک مانۆڕ و نمایش و پێشانگای تەرخانکراو بە چەکوچۆڵ و، کەلوپەلی سەربازی بەڕێوەدەچێت.
هەر لەو پێوەندییەدا رۆژی ڕابردوو لە مەیدانی بەهارستان لە نیزیک بینای مەجلیسی ئێران سەرلەنوێ پێشانگایەکی تایبەت بە چەکوچۆڵ و کەڕەسە نیزامییەکان، بە دروشمی هێرشکردن و لە ناوبردنی ئیسراییل بەڕێوەچوو. ئەوە لە کاتێکدایە هاوکات حەسەن روحانی لە کۆڕی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان باسی لەوە دەکرد کە ئێران بە دوای دێموکراسی و مافی مرۆڤە وهەڕەشە و دەستێوەردانەکانی وڵاتەکەی لە ناوچە ڕەت کردەوە .
شیاوی باسە لە بۆنەکانی حەوتووی بەناو بەرگری پیرۆز، سپای پاسداران هەوڵدەدا بە بەربڵاوی سەرنجی خەڵکی ئێران ، بەتایبەتی لاوان و مێرمنداڵان بەرەو لای پلان و سیاسەتەکانی خۆی ڕابکێشێت.
جێیوەبیرهێنا لە یەکەمین رۆژی یادکردنەوە لە شەڕی ئێران و عێراق، لە شاری ئەهواز، هێرشکرایە سەر مانۆڕ و ڕژەی سەربازیی هێزەکانی رێژیم و، نیزیک بە ٦٠ کەس کوژراو وبریندار بوون.