لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە سەرۆکایەتی ئامریکا بەڕێوەچوو، سەرۆککۆماری ئامریکا ڕایگەیاند: ئێران دەیهەوێ بە نهێنی دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگا.
دۆناڵد تڕامپ لەو کۆبوونەوەدا کە بەشێوەی تایبەت لەسەر ئێران و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی قسەی کرد بە ئاماژەدان بە خەسارەکانی گرێبەستی “بەرجام” لەو پێوەندییەدا گوتی؛ گرێبەستی “بەرجام” دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەرەرۆیی لە ناوچەکەو دەستێوەردان لە وڵاتانی درواسێ ئاوەڵەتر کردبوو، هەربۆیە دەوڵەتەکەی ئەو لەو گرێبەستەدا کشایەوە.
ئەمرۆ چوارشەممە ٤ی ڕەزبەر سەرۆککۆماری ئامریکا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، لە سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای کرد کە هاوکاریی ئامریکا بکەن بۆ ئەوەی ئیران دەستی بە چەکی ناوکی ڕانەگات.
دۆناڵد تڕامپ بەوەبیرهێنانەوەی مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر ناوچەکە، گوتی: دوای واژۆکردنی “بەرجام” سەرەرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی پەرەی سەندووە و، دەبێ هەموو وڵاتان بەرەنگاری ببنەوە.
سەرۆککۆماری ئامریکا، بە باس کردن لەسەر چڕکردنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران ، هەڕەشەی لە وڵاتانی جیهان کرد کە ئەگەر پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی تا گۆڕانی ڕەفتاری رێژیمی تاران ڕانەگرن، گەمارۆەکانی ئامریکا، ئەوانیش دەگرێتەوە.
شیاوی باسە هەر لەو کۆبوونەوەدا ئیمانۆئیڵ مەکرون، سەرۆککۆماری فەڕانسە ڕایگەیاند؛ دەبێ پێش لە هەناردنی مووشەک بۆ لوبنان و میلیشیاکانی یەمەن بگیردرێ ونابێ رێگە بدرێت ،ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێ.