لە دوای ئەوەیکە پێشتریش دوو جار شۆفێری بارهەڵگر و تانکێڕی سووتەمەنییەکان لە شارەکانی ئێران مانیان گرت و، بە وادەو بەڵێنی درۆیینی بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران مانگرتنەکانیان کۆتایی پێ هێنا، بۆ سێیەمین جار ئەو شۆفێرانە دەستیان داوەتە بە مانگرتنی سەرانسەری و مانگرتنی بارگەڵگران و شۆفێرانی تانکێڕی سووتەمەنی گەیشتە چوارەمین ڕۆژ و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر پاڵاوگەو بێنزینخانەکان داناوە.
نەبوونی کەرەستەی یەدەک، نەبوون و گرانیی تەگەر بۆ ماشێنەکانیان دوو لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم مانگرتنە سەرانسەرییەن.
شۆفێران خوازیاری گرانکردنی سەتی 70ی نرخی کرێبارەکانیانن.
شۆفێران دەڵێین: تەگەرێک کە تا ئێستا بە میلیۆنێک و 500 هەزار بووە ئێستا بە 9 میلیۆن تمەن دەفرۆشرێ و ئەوە لە کاتێک دایە کە زۆربەی ماشێنەکان تەگەری پێویستیان بۆ پەیدا نابێ و لە بازاڕەکاندا نییە.
عەلی ساڵحی، دادستانی گشتی و ئینقلابی شیرازیش ڕایگەیاندووە کە هەر کەسێک ببێتە هۆکار بۆ پێشگرتن لە گواستن و گەیاندنی کەلوپەل لە ئێراندا، بە توندی سزا دەدرێ.
تا ئێستا شارەکانی زەنجان، خومەینی شار، ئیسفەهان، وەرزەنێ، شەهریکورد، ئەبهەر، گەورەشاری کرماشان، قەزوێن، داراب، شیراز، بەندەر عەبباس، نیشابوور، ورمێ، تەورێز، یەزد، ئەردەبیل، بەندەر ئیمام، شاری بابەک و ئەراک پەیوەستبوون بە مانگرتنی کامیۆندارانی ئێرانەوە.