بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی عەڕەبستان، تۆمەتی رێژیمی ئێران، سەبارەت بە ڕووداوەکەی ئەهواز و، ڕۆڵی عەڕەبستانی سعوودی لە هێرش کردنە سەر مەڕاسمی ڕێژەی سپای مەحکووم کرد.
بەر لە عەرەبستان، ئەمریکا و ئیماراتیش ئەم تۆمەت لێدانانەیان بە کارێکی نەفامانەو گەمژانە وەسف کرد.
ئاژانسی “ئێران خەبەر” لە سەرچاوەی هەواڵدەریی “واس” هەواڵدەریی فەرمیی عەرەبستانی سعوودی لەسەر زاری بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە: سیاسەتی سعوودیە لە بەرامبەری کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دیکەدا ڕوون و ئاشکرایە، بە هیچ شێوەیەک دەست لە کارو باری هیچ وڵاتێک وەر نادەین و، بە پێچەوانەشەوە هەر چەشنە دەستێوەردانێک لە کاروباری وڵاتی خۆشمان مەحکووم دەکەین و بەرەنگاری دەبینەوە.
ئەوەی ڕاستییە ئەوەیە کە ئەوە ڕێژیمی ئێرانە کە لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت ناوچەکەشدا دەستێوەردانی هەیە و، گەورەترین پاڵپشتی تیرۆریزمە لە ناوچەکەو هەموو جیهاندا.
ڕێژیمی ئێران هەر لە سەرەتای بنیاتنانییەوە تاوەکوو ئێستا خووی بە ئاژاوە نانەوە، کاولکاری، مەزهەبگەرایی و تووندئاژۆیی گرتووە و، چارەنووسی خەڵکی وڵاتەکەی خۆی بە سەرکوتکردن و سەرەڕۆیی لەناوبردووەو، هیچ دەسکەوتێکی نەبووە جگە لە کاولکاری و ئاژاوە نانەوە .
ئەو بەرپرسە سعوودییە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: من بەرپرسانی ئەم ڕێژیمی نەسیحەت دەکەم کە دەست لەم کارانەیان هەڵگرن و، لە بری دەستێوەدان لە کارو باری وڵاتانی دیکەدا سەریان لە کاری وڵاتی خۆیاندا بێ و، کێشەی خەڵکی زوڵم لێکراو، بە دەستی خۆیان چارەسەر بکەن، باشترە.












