لە دوای هێرشی چەکدارانە بۆ سەر مەڕاسمی مانۆڕ و ڕژەی هێزەکانی ڕێژیم لە شاری ئەهواز، بە دەیان کەس لە هاووڵاتیانی عەڕەب لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە پارێزگای خوزستان دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بە پێی هەواڵی ئوڕگانی هەواڵیی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە دوای ئەم هێرشە ، وەزارەتی ئیتلاعات دەسبەسەرکرانی 22 کەسی ڕاگەیاند و چەند گرتە فیلمێکیشی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە، بەڵام سەرچاوەر خۆجێیەکان ڕێژەی دەسبەسەر کراوان زۆر زیاتر لە 22 کەس دەزانن و دەڵێن؛ بە دەیان کەس بە بێ تاوان و بێ ئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکردرێت بە شێوەی ڕەشبگیری دەسبەسەر کراون و، باس لە دەسبەسەرکرانی لانیکەم 300 کەس دەکەن لە شارەکانی ئەهواز، خوڕەمشار، سووسەنگێرد، ئابادان.
بە وتەی سەرچاوە خۆجێیەکان، لە گەڕەکە عەڕەب نشینەکاندا کەشێکی ئەمنییەتی و میلیتاریزەیان پێک هێناەو تەنانەت بە بنەماڵەی دەسبەسەرکراوانیشیان نەگوتووە کە چارەنووسیان چی لێ دێ و لە کوێ ڕاگیراون.
ئەوەی کە جێی تێڕامانە، زۆربەی دەسبەسەرکراوان پێشتریش لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەرکرابوون، ئەوەش نیشان دەدا بەبێ بوونی زانیاری لەسەر ئەو کەسانە و، هەر بەشێوەی ڕابردوو دەیانەوێ کەسانێکیان گرتبێ و ، خۆیان وا نیشاندەن کە دەتوانن کۆنترۆڵی بابەتەکە بکەن.
زانیاریەکان باس لەوە دەکان کە ناوەندە ئەمنییەکان لە پارێزگای خووزستان، خەریکی توقاندن و چاوترساندنی خەڵکی ئەو ناوچەیەن.