“گارنێت جێنس” نوێنەری پاڕلمانی کانادا، لە نامەیەکدا هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە ڕێککەوتی 17ی خەرمانان بۆسەر حیزبی دێموکرات ئیدانە کرد و، داوای لە وەزیری ئەمنییەتی کانادا کرد کە سپای تیرۆریستی پاسدارانی ئێران بخەنە لیستەی تیرۆری ئەو وڵاتەوە.
لە بەشێک لەو نامەیەدا هاتووە کە پێشتریش پارلمانی کانادا گەڵاڵەی خستنە لیستەی تیرۆری سپای پاسدارانی پەسەند کردووەو داواش لە وەزیری ئەمنییەتی وڵاتەکەی کرابوو کە بۆ پێشگیری لە چالاکیی تیرۆریستیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە زووترین کاتدا ئەم گەڵاڵە پەسەند کراوەیە بخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
ئەوە یەکەمجار نییە کە پارلمانی کانادا چالاکییە تیرۆریستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی مەحکووم دەکاو، پێشتریش “تام کەمچ” نوێنەری پاڕڵمانیی ئەو وڵاتە کە ئەویش هەر ئەندامی حیزبی “کێنستڕاتیۆ”یە، هێرشی تیرۆریستیی مووشەکیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیدانە کردبوو.
هەر لەو پێوەندییەدا وەزیری بەرگریی کانادا هێرشە مووشەکییەکەی 17ی خەرمانانی بۆ سەر قەڵای حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و شەهید بوونی پۆلێک کادر و پێشمەرگەی ئەو حیزبەو برینداربوونی پێشمەرگەو بەتایبەتی ژن و مناڵانی مەحکووم کردو، هۆکاری سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیشی بێدەنگی کۆمەڵگای جیهانی لە بەرامبەر ئەو ڕێژیمە زانی.












