چالاکێکی ژینگەپارێزیی خەڵکی سنە، کە نزیکەی سێ مانگ لەمەو پێش دەسبەسەر کراوە، تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەردەست دانییە.
بە پێی ڕاپۆڕتی ناوەندی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤی کوردستان، “کاوە بابامرادی” چالاکی ژینگەپارێزی، لە ڕۆژی 30ی جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن هیزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوەو، تا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە ڕایگەیاند: بنەماڵەی بابامرادی، بۆ زانینی بارودۆخی کوڕەکەیان و ئەو تۆمەتەی کە لەسەری دەسبەسەر کراوە، چەندین جار سەردانی شوێنە پێوەندیدارەکانیان کردووە، بەڵام بێئاکام ماونەتەوەو، تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان دەست نەکەوتووە.
جێی وەبیر هێنانەوەیە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوو چالاکی ژینگەپارێزیی دیکە، بە ناوەکانی “عێرفان ڕەشیدی” خەڵکی پاوەو “ئەرسەلان هیدایەتی” خەڵکی قوروە، کە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەرکرابوون ، باش لێکۆڵینەوە بە دانانی بارمتە، ئازاد کراون.