رۆژی یەکشەممە ١ی ڕەزبەری ٩٧ی هەتاوی مانگرتنی سەرانسەریی کامیۆنداران و خاوەن بارهەڵگرەکان، نیزیک بە ١٣٦شاری ئیرانی گرتەوە.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە زۆربەی ترمیناڵ و گاراجەکانی زیاتر لە ٣٠ پارێزگای ئێران داخراون و کەرتی هێنان و گواستنەوە لە بەشێک لە شار و پارێزگاکانی ئێران پەکیکەوتووە.
شیاوی باسە ئە مانگرتنانە ، درێژەی مانگرتنی مانگی پووشپەڕ و گەلاوێژی ئەمساڵە، کە زیاتر لە مانگێک درێژەی کێشا و، رۆژی یەکشەممە بۆ سێیەمین جار دەستیپێکردەوە.
هەروەها ئەمڕۆ دووشەممە ٢ی ڕەزبەر خاوەن بارهەڵگرەکانی پاڵاوگەکانی تەورێز و کرمان و بەندەرعەبباس و ئەراک پەیوەستبوون بە مانگرتنی سەرانسەری و، لە دوو پارێزگای کوردستانیش، سنە و کرماشان شوفێرەکان و کامیۆنداران مانیان گرتووە.
شیاوی باسە زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ناوەندە ئەمنییەکان لە هەوڵدان لە رێگای جۆراجۆرەوە، گوشار بخەنە سەر شوفێر و خاوەن بارهەڵگرەکان بۆ ئەوەی مانگرتنی خۆیان بشکێنن ، بەڵام لە دوویەمین رۆژی مانگرتنی کامیۆنداران لە مانگی ڕەزبەر، ئەو مانگرتنە هەر بەردەوامە.
گرانی، دۆخی خراپی ئابووری، خەمساری بەرپرسان و ناوەندە پێوەندیدارەکان، جێبەجێ نەکردنی وادەو بەڵێنییەکان، لە هۆکاری سەرهەڵدانی مانگرتنی کامیۆنداران لە ئێران و کوردستانە.