بە پێی هەواڵێک کە لە شاری بۆکانەوە بە دەستمان گەشتووە، دایکی یەکێک لە پێشمەرگە دێرینەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد. بە گوێرەی هەواڵ، رۆژی شەممە ۳۱ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی دایه فاتم عەلیزادە دایکی کاک غەفوور سۆفی، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان دوای تەمەنێک رووسووری ونیشتمانپەروەری، له تەمەنی۷۲ ساڵی دا بە هۆی نەخۆشی ماڵاوایی لە ژیان کرد. دایە فاتم لە دایکبووی بنەماڵەیەکی شؤڕشگێڕ و کوردپەروەر بوو و هەر لە سەرەتای مێرمنداڵییەوە بە هۆی بەشداری باوکی لە شۆڕشدا و بوونی بە پێشمەرگە لە کۆماری کوردستان، لەگەڵ خەبات و شۆڕشی گەلی کورد و حیزبی دیموکراتی کوردستان ئاشنا دەبێ، هەر ئەوە پەروەردەیەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە کوڕە جگەرگۆشەکەی ڕوو لە ڕیزەکانی حیزب بکات و چەندین ساڵ لەوپەڕی ئازایەتی دا هەوڵ بۆ ڕزگاری گەلەکەی بدات.
دایە فاتمە لەنێو خەڵکی بۆکان و پێشمەرگەکان وەک کەسێکی نیشتمانپەروەر و خەمخۆری نیشتمان نێوی دەهات و هەموو کاتیش هاندەری لاوان بوو بۆ بەرەوروو بوونەوە لەتەک ناعاداڵەتی و نادادپەروەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەرحەق بە نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەرز ڕاگرتنی یادی دایە فاتم عەلیزادە، پرسە و سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە سەرجەم کەسوکار و بنەماڵەی خوالێخۆشبوو دەکات و خۆی لەم خەم و پەژارەیەدا بە بەشدار دەزانێ.











