ئێوارەی رۆژی هەینی،٣٠ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢١ی سپتامبەر، کۆمیتەی ترۆندهایمی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆڕوێژ، بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان و بە بەشداری بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەی شەهیدانی ئەو هێرشە تیرۆریستییە و نوێنەرانی هێز و لایەنە سیاسییەکان و بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کوردستانیانی دانیشتووی ئەو سنوورە، کۆڕیادێکی پێک هێنا. سەرەتا هاوڕێ “ڕامین شێنانی” پێشکەشکاری کۆڕیادەکە، بەخێرهێنانی بەشدارانی کرد و کۆڕەکە بە سرووی نەتەوەیی ” ئەی رەقیب” دەستی پێ کرد. پاشان پەیامی کۆمیتەی ترۆندهایمی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایان بەڕێز “کامیل ئوستاد ئەحمەدی”یەوە پێشکەش کرا. بەڕیز “ئوستاد ئەحمەدی” وێڕای ئاماژەدان بە کارەساتی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات کە بوو بەهۆی شەهیدبوونی ١٤ تێکۆشەڕی بەوەج و لێهاتووی حیزبەکەمان و شەهید بوونی ٢ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوکات لە داردرانی سێ چالاکی سیاسیی کورد لە لایەن ڕیژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، تیشکی خستە سەر کارنامەی ٤٠ ساڵەی تەمەنی تیرۆر و ڕەشەکوژی و قەڵاچۆی ڕێژیم کۆماری ئیسلامی ئێران . لە بەشێک لە پەیامەکەی دا، ناوبراو مانگرتنی خەڵکی شیلگیر و مافخوازی کوردستان و هەڵوێستی میژوویی خەڵکەکەمانی لە رۆژی ٢١ی خەرمانان دا بەرز نرخاند و هەنگاوی شۆڕشگیڕانە و نیشتمانپەروەرانە و کەم وێنەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانی بە سەرکەوتن بۆ خەباتی پێشکەوتووی نەتەوەکەمان و شکستیش بۆ ڕیژیمی ترۆریستی کۆماری ئیسلامی لە قەڵەم دابوو.
پاشان هاتە سەر، کاردانەوەی هێز و لایەنی کورد و کوردستانی و نێونەتەوەیی بەویژدان و مەحکومکرانی جینایەتی سامناکی هێرشی مووشەکی بۆ سەر پلینۆمی حیزبەکەمان و قەڵای دێموکرات. لەو بارەوە بە گرینگییەوە ئاماژەی بە نوینەری ئەمریکا “نیکی هێلی” لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دا کە ئازایانە پەردەی لەسەر موشەکبارانی ١٧ خەرمانان و هەروەها ترۆریزمی هەوسار پچڕاوی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێودەوڵەتی لادا و مەحکوومی کرد.
بەدوای ئەودا، کورتە فیلمێک کە بە وێنەی شەهیدانی کارەساتی ١٧ی خەرمانان و بە هونراوەیەکی جوانی شاعیری نیشتیمانپەروەر مامۆستا ئاشق، نەخشیندرابوو، لە رێگای داتاشۆوە نیشان درا.
ئەوجار مۆمی زیندووڕاگرتنی یادی شەهیدان لە لایەن؛ “دڵکەش شێنانی” کچی فەرماندەی شەهید کاک “عەبدوڵڵا شێنانی، گریلا عێززەتی کچی شەهید ” مامە قالە ڕیشە” و “دیمەن ئەکبەر پوور” خوشکی شەهید “مەنسور ئەکبەرپوور” داگیرسێندرا.
پاشان، وتاریک لە لایەن بەڕێز “عیرفان رەهنمون” بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێشکێش کرا. بەدوای ئەودا، شاعیری هەست ناسک خاتوو “کەژاڵ مەرزبان” دوو هۆنراوەی شۆڕشگێڕیی خۆی خوێندەوە کە بەم بۆنەوە ئامادەی کردبوون. ئەوجار پەیامی نوێنەرایەتی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کۆردستانیی حیزبی کۆمەنیستی ئیران، لە لایەن بەڕیز “ڕەزا فاتحی” و پەیامی هاوبەشی کۆما جڤاکی کوردستان و پارتی یەکێتی دێموکراتیک ( پەیەدە) و بزووتنەوەی گۆڕان، لە لایان بەڕێز “کامەران خەلیل” ( هەڤاڵ سیپان) و پەیامی پارتیا دێموکراتا کورد لە سوریە لە لایان بەڕێز “نزار عیسا” و برووسکەی ماتەمینیی پارتی دێموکراتی کوردستان کە بەم بۆنەوە نێردرابوو، خوێندرانەوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆڕیادەدا، هاوڕێ “فەردین میلانی”، سروودێکی شۆڕشگێڕی کە بۆ ئەو پۆلە شەهیدی نوێی گەلەکەمان ئامادە کردبوو. پێشکەشی بەشداران کرد.
کورتە پەخشانی ” چەند ڕۆژێکە” لە لایەن هاوڕێ “ئاکام خوسرەی” و شیعری “هاوارێکی لە قۆڕگا خنکێنراو” لە لایان بەڕێز “بێکەش بەرواری” دوو بڕگەی دیکەی ئەو رێوڕەسمە بوون.
پاشان نۆرە گەیشتە، پەیامی بنەماڵەی شەهیدان. خاتوو “دیمەن ئەکبەر پوور” خوشکی شەهید “مەنسور ئەکبەر پوور”، بە نوێنەڕاتی بنەمالەی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان وێرای مەحکومکردنی ئەو هێرشە موشەکی و ترۆریستییە ، سوپاس و پێزانینی کەسوکاری شەهیدانی بە هاوڕییان و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و هێز و لایەنە سیاسییەکان راگەیاند کە هاودەردییان کردووە و ئەو خەمە قورسەیان دەگەڵ بەش کردوون.
بڕگەی دواتری ئەو کۆڕە ماتەمینە، سوپاسنامەی کۆمیتەی ترۆندهایمی حیزبی دێموکراتی کوردستان روو بە خەڵکی کوردستان، هێز و لایەن سیاسییەکان، چالاکانی نێوخۆ، تیکۆشەرانی حیزب و گەل و هەموو ئەوانەی لەو کارەساتەدا پشتیوان و خەمخۆری حیزبی دێموکرات بوون کە لە لایان هاوڕێ “عەزیز مەعرووفی” بەرپرسی کومیتە ناوچەی ترۆندهایمەوە پێشکەش کرا.
شایانی باسە، دوای دووو کاتژمێر، کۆڕیادەکە بە سروودی “ئەی شەهیدان” کۆتایی پێ هات.