لهناوچهی ورمێ یادو بیرهوهریی دوکتور قاسملوو بهرز ڕاگیرا.
لە ٢٦ ساڵەی تیرۆری د.قاسملوو و لە بیرەوەریی ساتەوەختی دەسڕێژی تیرۆریستان بۆ سەر گیانی ئەو ڕێبەرە مەزنە و هاوڕی عەبدوڵلا قادری ئازەردا، دانیشتوانی شارۆچکەکانی دزەی مەرگەوەڕ، زێوە، ڕاژان و هەر وەها خەڵکی گێسیان، ژاراوێ، گردوان، میرآباد، برازان، گاڕانه ، نێرگی، گردیک، هەلەج، ڕزگەو خەڵکی شاری سیلوانا، بۆ ماوەی٣ دەقیقە چرای مالەکانیان کوژاندەوە.
سەر لە بەیانیی ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕیش، بازاڕییەکانی شارۆچکەی دزەو زێوە دوکانەکانیان هەتا کاتژمێر ١٠ی پێشنیوەڕۆ هەڵنەگرت. بەڵام دواتر لە ژێر هەڕەشەو فشاری کاربەدەستانی ئەمنیەتی و بەکرێگیراوانیان بەرە بەرە دوکانەکانیان کردەوە. بەو حاڵەش بە هۆی کەم هاتنی خەڵک بۆ بازاڕ و شەقام، ئەم ڕۆژە بازاڕ لەم شارۆچکانە هەر نەگەڕایەوە سەر دۆخی ئاسایی ڕۆژان. شایانی باسە لایەنگران و دلسۆزانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و هۆگرانی ئامانجەکانی قاسملووی ڕێبەر، لە ڕۆژانی پێشتردا، بە ناردنی کورتە نامەو کاری تەبلیغی، ڕۆڵێکی بەرچاویان لە هاندانی خەڵک بۆ بەشداریی بوێرانە لە بەرزراگرتنی یادی ڕێبەری شەهید د.قاسملوو لە ٢٦ سالەی شەهید بوونی دا هەبوو کە بەم بۆنەیەوە دەسخۆشی و ماندوو نەبوونییان پێدەڵێین.