دوای مانگرتنی سەرانسەریی خەڵکی کوردستان بە مەبەستی مەحکوومکردنی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات و، لە سێدارەدانی چەند بەندیی سیاسیی کورد، دەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیم ترسیان لێنیشتوەو، بۆتە هۆی زیادبوونی جمۆجۆڵە نیزامییەکان لە شارەکانی کوردستان.
بە پێی ئەو زانیارییانەی بە دەستمان گەیشتووە، هەر رۆژێک دوای مانگرتنی ٢١ی خەرمانان ، دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی دەستیان دایە دەسبەسەرکردن و، بانگکردن و، هەڕەشە کردن لە خەڵک، بەتایبەتی چالاکانی مەدەنی و هەروەها لە چەندین شاری کوردستان ئەندامانی سپای پاسداران و بەکرێگیراوانی ڕێژیم بە بەڕێوەبردنی مانۆڕی نیزامی لە نێو شارەکان، ویستوویانە خەڵک بترسێنن.
لە لایەک دیکەش رۆژی ڕابردوو ٣١ی خەرمانان هێزێکی زۆر لە شارەکانی کوردستان بەتایبەتی شاری سەقز بیندراوەو چەکوچۆڵی قورس و مووشەکی دوورهاوێژ لە تارانەوە بەرەو ناوچە سنوورییەکانی کوردستان گواستراوەتەوە.
گواستنەوەی مووشەک بۆ ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لە کاتێک دایە کە رۆژی ١٧ی خەرمانانی ٩٧ی هەتاوی بە هۆی هێرشی هەوایی و مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات، لە لایەن سپای پاسدارانەوە، پۆلێک لە ئەندامانی ڕێبەری و کادر وپێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان شەهید وبریندار کران.
جێی ئاماژەیە لە ماوەی رۆژانی رابردوودا فەرماندەکانی سپای پاسداران ، سەرلەنوێ هەڕەشەیان لە حیزبی دێموکرات کردووە.