رۆژی ڕابردوو کە لە هێرشێکی چەکداریی بۆسەر نمایش ومانۆڕی نیزامی هێزە چەکدارەکانی رێژیم لە شاری ئەهواز نیزیک بە ٦٠ کەس کوژراو وبرینداربوون، بەرپرسانی ڕێژیم، لەو بارەوە “حیزبی ئەلئەحوازییە” بە تاوانبار دەزانن و، دەڵێین؛ ئەو گرووپە چەکدارە لە لایەن عەرەبستانی سعوودییەوە پاڵشتییان لێوەدەکرێ.
هەر لەو پێوەندییەدا رۆژنامەی کەیهان زمانحاڵی باڵی بناژۆخوازو سەر بە “بەیت ڕەهبەری” لە بابەتێکدا بە باس کردن لە هێرشی چەکداریی رۆژی شەممە ٣١ی خەرمانان بۆ سەر نمایش و ڕژەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە شاری ئەهواز، بە ڕاشکاوی ،دەوڵەتی ڕیازی لەو بارەوە بە تاوانبار زانیوەو خوازیاری وڵامی توندی نیزامی و هێرش کردن بۆ سەر عەرەبستان سعوودیە.
پاسدار ڕەمەزان شەریف، وتەبیژە سپای پاسداران ڕایگەیاند ؛ ئەو هێرشە لە لایەن گرووپی ئەلئەحواز ڕێکخراوە و ئەو گرووپەش سەر بە عەرەبستانی سعوودی و، وڵاتانی دیکەی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانن لە ناوچەی کەنداودا (بەرەی عەرەبی دژ بە ئێران).
ئیدیعاکانی بەرپرسانی سپای پاسداران لە کاتیكدایە کە وتەبێژی حیزبی ئەلئەحواز ، تۆمەتباری کردنی حیزبی ئەلئەحوازی لە لایەن سپای پاسدارانەوە، وەدرۆ خستەوەو، ئەو کردەوە نیزامییەی بە شانۆگەریی خۆدی لەڕێژیم لە قاو دا.
رۆژنامەی کەیهان لە درێژەی بابەتەکەیدا، هەڕەشەکانی محەممەد بن سەلمان وەلیعەهدی عەرەبستانی سعوودی، وەبیرهێناوەتەوە کە رایگەیاند بوو؛ ڕیاز ، شەڕ دەباتە نێوخاکی ئێرانەوە.
هەروەها باسی لە هەڵوێستی عەبدولخالیق عەبدوڵڵا ڕاوێژکاری سیاسیی وەلیعەهدی ئیماراتی کردووە کە لە تویتەری خۆی دا نووسیبووی: هێرشی نیزامی بۆسەر مانۆڕی نیزامی ، ناچیتە خانەی تیرۆرەوە و گواستنەوەی شەڕ لە دەروەی سنوورەکانی ئێران بۆ نێوخۆی ئەو وڵاتە، بڕیارێکی ڕاشکاوانەیەو، لە داهاتووش زیاتر پەرەی پێدەرێت.
رۆژنامەی کەیهان لە درێژەی بابەتەکیدا داوای کردووە کە دەبێ تۆڵەی ئەو کردەوە نیزامییە لە عەرەبستان سعوودی بکرێتەوە و بە توندی هەڕەشەی لە دەوڵەتی ڕیاز کردووە .
هەڕەشەکانی رۆژنامەی کەیهان لە کاتێکدایە ، کە بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی لەسەر ئەو باوەڕەن، کە رووداوەکەی ئەهواز دەکرێ سیناریۆیەکی داڕێژڕاو بێ بۆ پەرەپێدان بە یەکگرتوویی خەڵک و دەوڵەت کە بۆشایی ومەودایان تێکەوتووەو، لە لایەک دیکەش بەدناو کردنی حیزبە بەرهەڵستکارەکانی ڕێژیم و تاوانبار کردنی هەبوونی دەستی دەرەکیی بۆ تێکدانی ئاسایشی ئەو وڵاتە.