دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە حەوتەیەک بەسەر کارەساتی هێرش بۆ سەر بنکەی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و شەهیدکرانی پۆلێک لە ئەندامی ڕێبەری و کادرو پێشمەرگەکانی ئەوحیزبە بە دەستی سپای پاسداران ، چالاکییە تەبلیغییەکانی خەڵکی ئەمەگناسی کوردستان بەو بۆنەیەوە هەروا درێژەی هەیە.
لە تازەترین چالاکیی تەبلیغیدا لایەنگرانی چاونەترس و خەمخۆری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پارێزگای ئیلام بە بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی پێوەندیدار بە شەهیدانی قەڵای دێموکرات، وێڕای مەحکوومکردنی مووشەکبارانی بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لەگەڵ ئامانج و رێبازی شەهیدانی گەل و نیشتمان، پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوەو خۆیانیان بە درێژەدەری ڕێگای شەهیدانی کوردستان زانی.
کوردانی نیشتمانپەروەر وخوێنگەرمیی پارێزگای ئیلام لەشارەکانی سۆمار، شاباد و نێوشاری ئیلام بەبڵاوکردنەوەی وێنەی شەهیدانی قەڵای دێموکرات، هاوخەمی و پشتیوانی خۆیانیان لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان دووپات کردەوە.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان ، سپاس و پیزانینی خۆی پێشکەش بە سەرجەم تێکۆشەرانی نێوخۆی وڵات دەکا و، سەرکەوتنیان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.