رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٦ی سێپتامبری ٢٠١٨ی زایینی، رێ و رەسمێکی بە شکۆ بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی هێرشی مووشەکی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر پلینۆمی کومیتەی ناوەندی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە قەڵای دێموکڕات، لە شاری ” تورکو”ی وڵاتی “فینلاند” بەڕێوەچوو. ئەو رێوڕەسمە هاوکات بوو لەگەڵ ٢٧مین ساڵوەگەڕی تێرۆری رێبەری شەهیدمان دوکتۆر “سادق شەڕەفکەندی” و هاوڕێیانی بە دەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بێرلینی پێتەختی وڵاتی ئاڵمان.
ئەو رێو ڕەسمە بە بەشداریی سەدان کەس لە بنەماڵەی شەهیدان، نوێنەر و ئەندامانی حیزب و رێکخراوە سیاسیەکان،کەسایەتی و شاعیر و هونەرمەندان،ئەندام و لایەنگر و دۆستانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و کوردستانیانی وڵاتی فینلاند و نەتەوەکانی تر بەڕێوە چوو.
کۆڕیادەکە سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب لە لایەن کۆڕی سروودی یەکێتی لاوان و ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە شەهیدان کوردستان دەستی پێکرد. پاشان وتار و پەیامی حیزب و لایەنەکان،بابەت و شێعر و پەخشان و موزیک و کورتە فیلم پێشکەشکران.
ـ پەیامی کومیتەی حیزب لە فینلاند لە لایەن “سەید خدرمیرسەیدی” خوێندرایەوە، ئینجا بەشێک لە وتەکانی شەهید دوکتۆر”سادق شەڕەفکەندی” لە ڕۆژی تێرۆری شەهید”دوکتۆر قاسملوو” و هەروەها ژیاننامەی شەهید دوکتور سەعید لە فیلمێکی دێکۆمێنتاریدا پێشکەشی بەشداران کرا.
بە دوای ئەوە دا پەیامی کومیتەی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە لایەن”مەجید حەقی” خوێندرایەوە و “کوردنژاد ئیبڕاهیمی” پەخشانێکی لە وەسف و یادەوەری شەهیدێکی ١٧ی خەرمانان پێشکەش کرد.
لە بەشێکی دیکە ئەو کۆڕیادە دا هونەرمەند “ڕەشید فەیزنژاد” بە کەمان و دەنگە بە سۆزەکەی سروودی ئەی شەهیدان و دوو شێعر و ئاوازی پێشکەشی بنەماڵەی شەهیدان و بەشدارانی رێ و رەسمەکە کرد
ئینجا پەیامی بنەماڵەی شەهیدان لە لایەن”ئاوات حەسەن پوور” خوێندرایەوە کە لە پەیامەکەدا وێڕای بەداخبوون بە لە دەستدانی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان،لە لایەن بنەماڵەی شەهیدانەوە سپاسی هاودەردی و هاوسۆزی حیزب و کەسایەتی و خەڵکی کوردستان کرابوو.
” نزار کوێستانی” هۆنراوەیەکی لە سەر شەهیدانی ١٧ی خەرمانان پێشکەشی بەشداران کرد و بە دوای ئەو دا پەیامی “کۆمەڵە- ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران ” لە لایەن “جەماڵ ئەوێهەنگ” خوێندرایەوە.
پاشان هونەرمەندی لاو ” فەرهاد ئالانی” بە هاوکاریی ” شەهێن زادئەحمەد”هۆنراوەیەکی پێشکەشی بەشدارانی رێ و رەسمەکە کرد.
ـفیلمێکی دێکومێنتاری لە سەر هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر قەڵای دێموکڕات و ئاسەوارەکانی ئەو مووشکبارانە پێشانی بەشدارانی رێ و رەسمەکە درا و هەر لەو بڕگەیە دا لە لایەن ” دیار” و “پێشەوا میرسەیدی” پارچە مۆسیقایەک و سروودێکی شۆڕشگێڕی ئاراستەی بەشداران کرا.
پاشان پەیامی یەکێتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان’ لە لایەن “شەهێن زادئەحمەد”ەوە خوێندرایەوە. و ” مەحموود ئاشتیانی” بابەتێکی لە سەر رووداوە تاڵەکانی مێژووی کورد پێشکەش کرد. هەروەها لە لایەن “عەبدوڵڵا حاجی” شێعرێک پێشکەشی بەشداران کرا.
بەڕێز “وڵات نەهری” سەرۆکی “فیدڕاسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکانی فینلاند” وێڕای هاودەردی وتەیەکی لە سەر شەهیدانی ١٧ی خەرمانان پێشکەش کرد و هەر بەدوای ئەو دا ” وەستا رەحمان” بە پێشکەش کردنی پەخشانێک هەستی خۆی بە بۆنەی ئەو کارەساتەوە دەربڕی، هەروەها “عەزیز شێخانی” کورتە پەخشانێک و بابەتێکی لە پێوەندی لەگەڵ شەهیدانی ١٧ی خەرمانان ئاراستەی بەشداران کرد.
لە بەشێکی دیکەی مەراسمەکە دا پەیامی هاودەردی و هاوخەمی “یەکێتی نیشتیمانی کوردستان” و “بزووتنەوەی گۆڕان” بەبۆنەی کارەساتی ١٧ی خەرمانانەوە بۆ دەستەی بەڕێوەبەری رێ و رەسمەکە نێردرابوو
ئەو رێ و ڕەسمە کە زیاتر لە چوار سەعاتی خایاند، بە سروودی ” ئەی شەهیدان” کۆتایی بە ڕێ و ڕەسمەکە هات.