کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا دەستەودامێنی هەکێرەکان بووە و وادیارە دەیهەوێ بە کەڵکوەرگرتن لە شەڕی سایبێری بەوشێوەیە تۆڵە لە کۆمپانیا نەوتییەکان بکاتەوە.
لە ڕاستای گەڕانەوەی خوولی دووەمی گەمارۆکان، هەکێرانی ئێرانی هێرش دەبەنە سەر کۆمپانیاکانی وزە و بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ئاسۆشیتدپرێس، کۆمپانیای ئەمنییەتیی سایبری “فایرای”، کە بنکە سەرەکییەکەی لە شاری کالیفۆڕنیای ئامریکایە، لە بەرەبەری نزیکبوونەوەی دەستپێکردنی خولی دووهەمی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیم زاڵ بەسەر ئێراندا، هۆشداری داوە کە هەکێرەکانی ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر کۆمپانیاکانی وزە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەرین کردووەتەوە.
کۆمپانیای ئەمنییەتیی سایبری “فایرای”، لە هەمبەر زیادبوونی هێرشی هەکێرەکانی سەر بە ڕێژیم بۆ سەر کۆمپانیاکانی وزە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هۆشداری داوە دەڵێ لەگەڵ وڵاتی جۆراوجۆر و کۆمپانیا گەورەکان کار دەکات هەتا مەترسییەکان کەم بکاتەوە. ئەو کۆمپانیایە ڕایگەیاندووە کە ئەم گرووپە لە هەکێرەکان کە بە ناوی APT33 دەناسێت، بە ناردنی ئیمەیلی فیشینگ بە بیانووی هەلی کار دەستیان بە کامپیووتێرەکانی کۆمپانیای مەبەستیان ڕادەگات.
بە وتەی ئەم کۆمپانیایە، ئەم ئیمەیلە فیشینگانە بۆ کۆمپانیاگەلێک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئامریکای باکوور و ژاپۆن نێردراون، کە لە بوارەکانی نەوت و گاز، فڕۆکەوانی، بیمە، بەرهەمهێنان و پەروەردەدا کار دەکەن، بەڵام لەم ڕاپۆرتەدا ناوی ئەم کۆمپانیانە ڕانەگەیەندراوە.
ئەم کۆمپانیا ئەمنییەتییە سایبرییە ڕایگەیاندووە، کە لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە هەتا ئێستا گرووپی APT33 لەژێر چاوەدێرییە و جەختی لەوە کردووەتەوە، کە چالاکییەکانی ئەم گرووپە ئەمساڵ ئاڵۆزتر و پێشکەوتووتر بوون.