وەزیری کاروباری دەرەوەی مەراکێش ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی تاوانبار کرد کە بەتەمایە باکووری ئەفریقا بکا بە مەیدانی تەراتێنی خۆی و دزە بکاتە ولاتانی ئەو ناوچەیە.
وەزیری کاروباری دەرەوەی مەراکێش کۆماری ئیسلامی بە دزە کردن لە ولاتانی باکووری ئەفریقا تاوانبار کرد و ڕایگەیاند ولاتەکەی پشتیوانی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا لەهەمبەر تاران دەکات.
ناسر بووریتە لە وتووێژ لەگەڵ برایتبارتنیووز گوتی ئێران دەیهەوێ لا باکوور ئەفریقا بوونی هەبێ و لەوپێناوەدا و بۆ پەرەپێدانی نفووزی خۆی ڕاکێشانی لاوەکان بوورسیەی خوێندن دەدا بە خوێندکارانی ئەو وڵاتانە. ناوبراو دەڵێ ئێران تێدەکۆشێ بوورسیەی خوێندن بدا بە خوێندکارەکانی بەشی ئایینی و لە حەوزەی عیلمییەی شاری قوم و ناوەندە دینییەکانی دیکە نیشتەجێیان بکات و پاشان مێشکیان بشواتەوە.
ناسر بووریتە هەروەها ئاماژە بەوەدەکات کە ساڵانە لە نێوان نیزیکەی ١٠٠ بۆ ١٢٠ کەس لە خوێندکاران دەنێردرێنە شاری قوم، مژوولی خوێندنی ئایینی شێعە دەبن هەر بۆیەش ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٩ هەتا ٢٠١٦ پێوەندییەکانمان لە گەڵ ئێران پچراند.
وتەکانی وەزیری دەرەوەی مەراکێش کاردانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لێکەوتەوە و لەوپێوەندییەدا بەهرام قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم وێڕای ڕەدکردنەوەی ئەو قسانە وتی، ئەو تۆمەتانە لەژێر کاریگەری ولاتانی دیکەوە دەگوترێنەوە. ناوبراو پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەل وڵاتانی ئافریقایی باش وەسف کردو گوتی ئێمە ڕێز لە سەروەری وڵاتانی ئافریقایی دەگرین و دەبێ ئەوانیش، بە وتەی خۆی نەکەونە داوی نەیارو دووژمنانمان.