هونەرمەندی ناسراو و قسە خۆش و فۆلکلۆربێژ، مامۆستا ڕەسووڵ نادری کە تەمەنێک خزمەتی بە هونەری مووسیقیی کوردی کردو ، هەروەها بە گێڕانەوەی قسەی خۆش، بزەو پێکەنینی بە سەر زاری خەڵکی کورد بەخشی ، بە هۆی نەخۆشییەوە رۆژی ٢٦ی خەرمانانی ٩٧ی هەتاوی ماڵاوایی لە کوردستان کرد و ئەمڕۆ ٢٧ی خەرمانان لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ئەمەگناسی مەهاباد، بە خاکی نیشتمان سپێردرا.
نادر نادرزادەئەقدەم ناسراو بە “ڕەسووڵ نادری” ساڵی ١٣١٢ی هەتاوی لە ئاوایی “ئوزونتاش” بەشی خەلیفانی شاری مەهاباد، لە دایک بووە.
لە پانزدە ساڵییەوە دەست دەکا بە گۆرانی گوتن، و لە ژێر کاریگەریی باوکی کە زۆرێک لە حەیران و بەیتە کوردییەکانی لە بەر بوو، ئۆگری چرێن و گوتنەوەی حەیران و بەیت دەبێ.
مامۆستا ڕەسووڵ نادری لە ساڵی ١٣٤٧ی هەتاوی بە تاوانی ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و دژایەتی لە گەڵ ڕژیمی پاشایەتی لە گەڵ پۆلێک لە تێکۆشەرانی دێموکرات دەسبەسەر و، بۆ ماوەی سێ ساڵ لە زیندانی جەڵدیان ڕاگیراو هەر لە گرتووخانە چوار پۆلی وانەی سەرەتایی تەواو دەکات و ساڵی ١٣٥١ی هەتاوی ماڵی دێتە شاری مەهاباد.
مامۆستا ڕەسووڵ جیا لەوێ کە گوڕانیبێژ و حەیران چڕ و بەیت بێژێکی ناسراو بوو ، قسە خۆشەکانی و نەقڵەکانیشی لە نێو خەڵکدا ناسراون و دەگوترێ زۆر شت لە
“سەید عەلی سەردەشتی” فێر بووە. هەڵبەت “ڕەسووی نادری” زۆرتر بە نەقڵەکانی ناسراوە و وەک بۆخۆی باس دەکا ئەم نەقڵانە یا بەسەر خۆی هاتوون یان دیتوونی و بیستوونی.
ناوبراو لە سەردەمی پاشایەتی لەگەڵ ئیدارەی فەرهەنگ و هونەری ئەوکات لە مەهاباد هاوکاری کردوە و لە چەندین پاریزگا وشاری ئێران بەرنامەی هونەریی بەڕێوە بردووە.
شیاوی باسە رۆژی ٢٦ی خەرمانان هەواڵدەریی هاژە هەواڵی کۆچیدوایی ئەو هونەرمەندە دەروەست و ناسراوەی پشتڕاست کردەوە.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای رێزگرتن لەسەرجەم هونەرمەندانی گەلدۆستی کورد، پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە بنەماڵەی هونەرمەند مامۆستا ڕەسووڵ نادری دەکا و، خۆ لە خەمی لە دەستدانی ئەو گەنجینە بەنرخە، بە بەشدار وشەریک دەزانێ.