خەڵکی شار و ناوچەکانی کوردستان بە مەبەستی پاڵپشتی کردن لە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕێگای جۆراجۆرەوە بەردەوامن و، لە رۆژی ١٧ی خەرمانانەوە پشتیوانی زیاتری خۆیانیان لە حیزبی دێموکراتی کوردستان دەربڕیوە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی کە بە دەستمان گەیشتووە، چالاکانی سیاسی و لایەنگرانی بزووتنەوەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە شارەکانی ( مەریوان، پاوە و جوانڕۆ، سنە، بۆکان، سەقز) لە دوای کارەساتی هێرش بۆ سەر بنکەی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و، شەهید و، برینداربوونی پۆلێک کادر و ئەندامی ڕێبەری و پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە، بەمەبەستی ئاگادار کردنەوەی ڕای گشتی و، گەیاندنی پەیامی خۆیان بە کۆماری ئیسلامی، کەمپەینێکیان لە ژێر ناوی” من دێموکراتم” پێکهێناوە.
جێیئاماژەیە چەندین ساڵە کۆماری ئیسلامی ، حیزبی دێموکراتی کوردستانی بە حیزبێکی هەڵوشاوەو بێ جێگەو پێگە باس کردوە، بەڵام دوای کارەساتی هێرش بۆ سەر قەڵای دێموکرات و، مانگرتنی سەرانسەریی خەڵکی کوردستان لە رۆژی ٢١ی خەرمانان، بۆی دەرکەوت کە تووشی هەڵە بووەو هەر بۆیە ناوەندە ئەمنییەکان دەستیان دایە ترساندن و بانگ کران و دەسبەسەرکرانی بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد.
لە پێوەندی لەگەڵ مەحکوومکردنی کردەوە تیرۆریستییەکەی کۆماری ئیسلامی و، هێرش کردن بۆ سەر قەڵای دێموکرات، رۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان لە درێژەی چالاکییەکان بەو بۆنەوە، بە دەستپێشخەریی چالاکانی مەدەنی و لایەنگرانی بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلەکمان کەمپەینێک بە ناوی”من دێموکراتم” پێکهاتووە.
لەو کەمپەینێکەدا، بەشداربووان، بە بڵاوکردنەوەی داواکارییە ڕەواکانی حیزبی دێموکرات و، هەروەها باس کردن لە یەکگرتوویی نێوان حیزبە سیاسییەکانی کوردستان، لە هەوڵدان پەرە بە روحی هاوکاری و هاودەنگی بدەن ، بۆ رووبەروو بوونەوە لەگەڵ پیلان و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
هەروەها ماوەیە حەوتەیەکە، لە چالاکییەکانی تایبەت بە کارەساتی مووشەکباران کردنی قەڵای دێموکرات، لایەنگران و، دلسۆزانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە شێوەی جۆراوجۆر ڕایانگەیاندوە؛ کە هەمووی شارەکانی کوردستان قەڵای دێموکراتە.