مامۆستایانی قوتابخانەو خوێندگەکانی بۆکان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕینیان بە بارودۆخی پیشەو مافەکانیان لە بەر دەم ئیدارەی فێرکردنو پەروەردەدا کۆبوونەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٧ ی خاکەلێوە بەبەشداریی دەیان مامۆستای قوتابخانەو خوێندگەکانی شاری بۆکان بەرێوەچوو، لە دژی هەڵاواردنو ناعەداڵەتی لە سیستەمی فێرکردنو پەروەردەو بێ کیفایەتیی بەڕێوەبەرانی ئەو ئیدارەو وەزارەتە قسە کراو بەشدارانی کۆبوونەوەکە داوای بەدواداچوونی کێشەو گرفتی خۆیان وەک توێژی فەرهەنگیی کۆمەڵگا کرد.
شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە کوردستانو ئێران بە چارەسەرنەکرانی کێشەو داوکانیان لە حاڵێک دایە کە جارێکی دیکەش لە مەجلیس باسی ئیستیزاحی عەلی ئەسغەر فانی، وەزیری خوێندنو پەروەردە هاتۆتە گۆڕێو لە نێو نوێنەرامی مەجلیسدا ئیمزا بۆ کۆ دەکرێتەوە.
جێی بیرهێنانەوەیە کە رۆژی یەکشەممە ١٠ی رەشەممەی ساڵی ڕابردووش مامۆستایانی زۆربەی شارەکانی کوردستان لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی مامۆستایان لە ئێراندا بەشدارییان کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا مامۆستایانی زۆربەی شارەکانی کوردستان وەک سنە، سەقز، بانە، مەریوان، بۆکان، پیرانشار، سەردەشت، ئیوان، ورمێ، سەرپێڵی زەهاو، ئیلام، کرماشان، جوانڕۆ و سەوڵاوا بەشدارییان کردو لە دژی پێشێلکرانی مافەکانیان هەڵویستیان گرت.