هەیئەتی بەدواداچوون بە لادانە ئیدارییهکان سهر به ناوهندی سەركۆماریی ئێران ڕایگەیاند كە حەمید بەقایی، جێگری جێبەجێكاری مەحمود ئەحمەدی نژاد به بهیتولماڵو به سامانی گشتیی خهڵک لە ١٠ وڵاتی جیهان سەرمایەگوزاریی كردوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی قانوون كە ڕۆژی شەممە ٢٠ی پووشپەڕ بڵاوی كردۆتەوە، محەممەد ئەشرەف ئیسفەهانی، سەرۆكی هەیئەتی پێداچوونەوە به سەرپێچییە ئیدارییەكانی سهر به ناوەندی سەركۆماری گوتوویەتی: که چەند ڕۆژ لەمەوبەر یەكێك لە كاربەدەستانی ئەمنیەتیی ئاشکرای کرد كە بەقایی لە ١٠ وڵاتی جیهاندا سەرمایەگوزاریی ماڵی كردووە.
ئەشرەفیی ئیسفەهانی هەروەها گوتوویەتی جێگری ئەحمەدینژاد ئەوەندەی پووڵی خهڵک خواردووە، ئەوەندەی دزی كردووە كە دەبێ ئێمە بە چەندین ساڵ بگەڕێین ههر بۆ ئهوهی بتوانین شوێنپێی ئەم داراییە دزراوه بدۆزینەوە كە ئهو تاڵانی كردووەو بۆ دەرەوەی وڵاتی ڕاگواستووە، نهک ئهوهی بتوانین بیگهڕێنیهوه بۆ وڵات.
بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە لە حاڵێك دایە كە پێشتریش غوڵامعەلی جەعفەرزادە، نوێنەری ڕەشت لە مەجلیس، گوتبووی: گواستنەوەی ٢٠ هەزار میلیارد تمەن لە نێوخۆی وڵات ڕا بۆ سەرافییەكانی وڵاتانی عەرەبی تەنیا نموونەیەك لە لادانو گەندەڵییەكانی بەقایی بووە.
هێنانە بەر باسی تاوانەكانی بەقایی لە بابەت گواستنەوەی پووڵ بۆ سەرافییەكانی وڵاتانی عەرەبی، لە حاڵێك دایە كە ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەكەمی حەسەن ڕووحانی، ڕۆژی ١٨ی سەرماوەزی ٩٣ ڕایگەیاندبوو كە لە دەوڵەتی ئەحمەدینژادداو، لە ماوەی كەمتر لە ١٨ مانگدا، نزیكەی ٢٢ میلیارد دۆلار دراوی بیانی بە بیانووی ئەوەی كە دەیاهەوێ نرخی دراو لەنێو خۆی وڵاتدا كۆنتڕۆڵ بكەن، لە ئێران ڕاگوێزراوەو لە بازاڕەكانی ئیستانبول و دوبەی فرۆشراوە.
جێی باسە كاربەدەستانی دەزگای قەزایی ئێران تا ئێستا هیچ كاردانەوەیەكیان بە نیسبەت هەواڵی گهندهڵییهکانی سەرپێچییەكانی بەقایی نیشان نەداوەو ئەگەر قسەكانی ئەشرەفیی ئیسفەهانی لە لایەن كاربەدەستانی قەزاییەوە پشتڕاست بكرێتەوە، نیشانەی ئەوەیە كە لە ئێستادا كاربەدەستان خەریكی تاوتوێكردنی گەورەترین پەروەندەی گەندەڵیی ماڵیی ئاڵقەی دەستوپێوەندییەكانی ئەحمەدی نژادن. پەروەندەیەك كە لەوانەیە زۆر بەربڵاوتر لە پەروەندەی دزییەكانی بابەك زەنجانی بێو هیچ بەدوور نییە ئەم كارەساتە داوێنی ئەحمەدینژادیش بگرێتەوە. هەمان سەركۆماری پێشووی ئێران كە ئێستا جێگری یەكەمو دەستی ڕاستی ئهو، واته محهمهدڕهزا ڕهحیمی بە تاوانی دزیو گەندەڵیی ماڵیی لە زیندان دایە.