شەهیندۆخت مەولاوێردی، جێگری سەركۆمار بۆ كاروباری ژنانو بنەماڵە دهڵێ ١ لە ٣ی كارتۆن خەوەكانی ئەم وڵاتە لە ژنان پێكهاتوون.
جێگری حهسهن روحانی دهڵێ بۆ كاروباری ژنانو بنەماڵە دهڵێ لە نێو ١٥ هەزار كارتۆن خەو لە شاری تاران، ٥ هەزار كەسیان ژنن. بەپێی قسەكانی ناوبراو، هەژاری، بێكاریی ژنانو سەرپەرستی كردنی بنەماڵە لەلایەن ژنانەوە لە هۆكارە گرینگەكانی بێ ماڵو حاڵ بوونی ئەم ژنانەیە.
مەولاوێردی هەروەها دەڵێ ١٣ ڕێكخراوو ناوهندی دهوڵهتی وەك شارەداریو ڕێكخراوی بێهزیستی بەرپرسایەتیی پێڕاگهیشتن بهو دیاردهیهیان له ئەستۆیە، ئەوە لە حاڵێكدایە كە ڕێژەی ژنانی كارتۆن خەو لەم وڵاتە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر دەبێو ڕوون نییه ئهوان چییان لهو پێوهندییهدا کردوه.
ڕێكخراوی خزمەتگوزارییە كۆمەڵایەتییەكانی سهر به شارەداریی تارانیش وێڕای پشتڕاستكردنەوەی هەواڵی بوونی ٥ هەزار ژنی كارتۆن خەو لهو شاره، ئاماژەی بە دابەزینی تەمەنی ئەم ژنانە كردوەو دهڵێ نێونجیی تەمەنی ئەم ژنانە گەیشتۆتە 32 ساڵ، ئهوهش له حاڵێک دایه که ڕەزا جەهانگیری فەرد، جێگری خزمەتگوزارییە كۆمەڵایەتییەكانی شارەداریی تاران پێشتر گوتبووی نێونجیی تەمەنی ژنانی كارتۆن خەو لە تاران گەیشتۆتە ١٧ ساڵو تەنانەت لە هێندێك حاڵەتدا له نێو ئهو ژنانهدا كچانی ژێر ١٥ ساڵیش بینراون.
فاتمە دانیشوەر، سەرۆكی كۆمیتەی كۆمەڵایەتیی شوورای شاری تارانیش مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ ڕایگەیاند ڕێژەی ژنانی دووگیانو منداڵانیش لەنێو كارتۆن خەوەكاندا ڕوو لە زیاد بوونە. لەم دواییانەشدا هومایوون هاشمی، سەرۆكی ڕێكخراوی بێهزیستی ڕوو بە هەواڵدەریی مێهر وتبووی ئامارەكان نیشانیان داوە كە سەدی ٨٥ ی كارتۆن خەوەكان بنەماڵەیان هەیەو بێ كەس نین.