بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردستانیان و ئێرانیان دانیشتووی فینلاند، سمیناری “کورد قوربانیی تیرۆریزم” لە شاری هێلسینکی بەرێوە چوو. رۆژی شەممە 15.9.2018 سمینارێک لە ژێر ناوی “کورد قوربانی تیرۆریزم” بە بۆنەی 26مین ساڵڤەگەری تیرۆری دکتۆر سەعید و هاورێیانی و هەروەها بۆ یادی شەهیدانی 17ی خەرمانانی ئەمساڵ لە شاری هێلسینکی بەرێوە چوو. ئەم سمینارە کە لەلایەن ناوەندی هاوکاری حیزبە سیاسیەکانی کوردستان رێک خرابوو سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و خولەکێک بێدەنگی بە یادی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
سمینار لە لایەن فایق مەسعوودی بە نوێنەرایەتی ناوەندی هاوکاری کرایەوە. بەدوای ئەودا پەیامی ناوەندی هاوکاری هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران لە فینلاند، لە لایەن خەلیل عەلیزادە پێشکەش کرا. ئەمجار پەیامی لێژنهی رێکخراوی فینلاندای پارتی دێموکراتی کوردستان لەلایەن حاکم عوسمان پێشكەش کرا. لە بەشێکی دیکەی پەیامەکاندا راگەیاندراوی ناوەندی هاوکاری هێزە سیاسیەکان بە زمانی فارسی لە لایەن سادق عەسکەریەوە پێشکەش کرا. دوای پێشکەش کردنی پارچە شێعرێک لە لایەن عەبدوڵا حاجی چەند پارچە سروودی شۆرشگێری لە لایەن هونەرمەندی کورد رەشید فەیزی نژادیەوە خوێندرایەوە.
لە بەشی دووەمی سمینارەکەدا مەجید حەقی وتارێکی لە ژێر سەردێری ” ستراتێژی تیرۆریزم لە کۆماری ئیسلامی ئێران
تیرۆری میکۆنۆس و شوێندانەری لەسەر پێوەندیەکانی ناونەتەوەیی بۆ پرسی کورد” پێشکەش کرد. بەدوای ئەودا دکتۆر جەواد دانشپەژووی وێرای ناساندنی کتێبی “کوشتاری بی پایان” ئامارەکانی تیرۆر و ئێعدامەکانی رژێمی ئێران لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان نیشانی بەشداران دا. لە بەشێکی دیکەدا جەعفەر مستەفا سوڵتانی، وتارێکی لە ژێر سەردێری “تۆرەکانی تیرۆری رژێم لە ناو حیزبەکاندا” پێشكەشی بەشداران کرد. لە کۆتاییدا وتاربێژان لە پانێلێکدا وەڵامی پرسیار و سەرنجەکانی بەشدارانیان دایەوە.
سمیناری “کورد قوربانی تیرۆریزم” لە کەشێکی هاوکاری و برایانە و یەکگرتووخوازانەدا بەرێوەچوو و لە گەڵ پێشوازی گەرمی بەشداران بەرەوروو بوو.