لە درێژەی مەحکوومکرانەکانی مووشەکبارانی قەڵای حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەلایەن سپای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، باڵوێزی بریتانیا لە عێراق لە پرێس کۆنفڕانسێکدا، نیگەرانیی خۆی لەم کردەوە تیرۆریستی و نامرۆڤانەیە دەربڕی و گوتیشی ئەم کردەوەیە شکاندن و بەزاندنی ئاشکرای سەروەرییەکانی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە.
“جان ویلێکس” لە درێژەی قسەکانیدا، وێڕای ئاماژە بەوەیکە ئامانجی ئێران لەم هێرشە ڕەکەژیی خەڵکی سڤیل بووەو ئەم کردەوەیە بە هیچ شێوەیەک بۆ چاوپۆشی نابێ، گوتی: ئەم هێرشە لە کاتێکدا بووە کە بەرپرسانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە کۆبوونەوە دابوونەو ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هیچ ڕێزێکی لە سەروەریی خاکی عێراق نەگرتووە، هەر بۆیەش ئێمە بەو ئاکامە گەیشتین کە ئێران بەو کردەوانەی ناوچەکە هاڵۆز و تووشی پشێوی دەکات و دەبێ پێشی پێ بگیردرێ.
هەر لەم پێوەندییەدا وڵاتانی کانادا، ئامریکا، فەڕانسە، عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستانو زۆربەی پاڕتو حیزبە کوردییەکانی کوردستان وێڕای مەحکوومکردنی ئەم کردەوە تیرۆریستییە پشتیوانی خۆیان لە حیزبی دێموکڕات و گەلی کورد دووپات کردەوە.
جیی وەبری هێنانەوەیە کە کاتژمێر ١٠:٤٥ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، 17ی خەرمانانی 1397ی هەتاوی ، قەڵای دیموکرات، بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە کاتی بەڕێوەچوونی پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی دا کەوتە بەر هێرشی مووشەکی و هەوایی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە ئاکامدا بە داخەوە ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی حیزب بە هۆی ئەم هێرشەوە، شەهید و بریندار بوون و ئەو کارەسداتە هاوخەمی و پشتیوانیی بەربڵاوو بەرچاوی دێموکراتدۆستان و گەلدۆستانی لێکەوتەوە.
لە کاردانەوەی ئەم کردەوە تیرۆریستییەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و لە ئاکامی بانگەشەی حیزبەکانی ڕٶژهەڵاتی کوردستان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژی چوارشەممە 21ی خەرمانانی 1397ی هەتاوی بە گشتی لە تواوی شارەکان مانیان گردت و لە ماڵەکانیان مانەوە بۆ پشتیوانی لە کارەساتی قەڵای دێموکڕات.