وته‌بێژی ستادی هێزه چه‌كداره‌كانی ئێران پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌وه کردوه‌ی كه تاران له هیچ بارودۆخێكدا ئیزن نادا بنکه‌و شوێنه نیزامییه‌كانی بپشكێندرێن.
مه‌سعوود جه‌زایری، وته‌بێژی هێزه چه‌كداره‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی هه‌ینی، 19ی پووشپه‌ڕ وێڕای ئاماژه به له روانگه‌ی ئه‌وه‌وه “زێده‌خوازیی زلهێزه‌كان” گوتی، داوامان له دوو لایه‌نی وتووێژكار هه‌یه كه له‌م چوارچێوه‌یه نه‌ترازێن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه به هیچ شێوه‌یه‌ك ئیزن ناده‌ین شوێنه نیزامییه‌كانی ئێران بپشكێندرێن.
ناوبراو پێداگریی له‌سه‌ر قسه‌كانی خامنه‌یی كرده‌وه كه گوتبووی بیانییه‌كان به هیچ شێوه‌یه‌ك مافی ئه‌وه‌یان نییه سه‌ردانی شوێنه نیزامییه‌كان بكه‌ن.
ڕۆژێك پێش قسه‌كانی جه‌زایری، ڕاگه‌یه‌نه نێوخۆییه‌كانی ئێران له زمان ڕه‌مه‌زان شه‌ریف، وته‌بێژی سپای پاسداران بلاویان كردبۆوه كه ئه‌م ڕێکخراوه سیاسی‌و ئه‌منیه‌ت‌و نیزامییه به هیچ شێوه‌یه‌ك ئیزن به لێكۆله‌رانی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی نادا كه شوێنه نیزامییه‌كان بپشكنن.
له لایه‌كی دیكه‌وه هه‌ڵوێستی ئه‌م فه‌رمانده نیزامییه‌ی سپای پاسداران هاوكات له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامیی وتووێژی ئه‌تۆمیی ئێران له‌گه‌ڵ گرووپی 5+1 له حاڵێك دایه كه كاربه‌ده‌ستانی ئێران و ئاژانس به‌م زووانه قسه‌یان له‌سه‌ر پێشكه‌وتن له ڕه‌وتی هاوكاری‌و گه‌یشتن به ڕێككه‌وتنێك بۆ چاره‌سه‌ریی ئه‌م كێشانه کردوه كه ماونه‌ته‌وه.
ئه‌گه‌ری نیزامیبوونی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران یه‌كێك له كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی وتووێژكارانه. ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆمی ده‌ڵێ ئه‌م شوێنه نیزامیانه‌ی كه گومانیان له‌سه‌ره ده‌بێ بپشكێندرێن، به‌ڵام عه‌لی خامنه‌یی ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگه‌یاندوه كه به هیچ شێوه‌یه‌ك ئیزنی سه‌ردانی ناوه‌نده نیزامییهكانو وتووێژ له‌گه‌ڵ بیرمه‌ندانی ئه‌تۆمی به وڵاتانی بیانی‌و ئاژانس ناده‌ن.