هەیئەتێکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە ئیوارەخوانێکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بریتانیا بەشداری کرد.
ڕۆژی سێشەممە، ١٦ ی پووشپەڕ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک ساڵانی رابردوو ئێوارەخوانێكی لە پارلمانی بریتانیا ڕێکخست. ئەم ئێوارە خوانە بەبەشداری فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاروان جەمال تاهیر، نوێنەری نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بریتانیاو نوێنەری حیزبو لایەنەکانی هەرچوار پارچەی کوردستانو چەندین ئەندام پارلمانتار و وەزیر و کونسول و نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا و چەندین کۆمپانی و کەسایەتی سیاسی کوردو بیانی بەشدار بوون.
لە سەرەتای ئەو ئێوارەخوانەدا نەدیم زەهاوی، ئەندامی پارلمانی بریتانیا لەسەر لیستی پارتی پارێزگاران، کاروان جەمال تاهیر، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو ولاتە، فەلاح مستەفا، وەزیری دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چەند کەسایەتییەکی تر لەسەر ئالوگۆرەکانی ناوچە، شەری داعش، پێشکەوتنەکانی کوردستان، پێداویستی و نیازەکانی کورد و پشتیوانی زیاتر هێزی پێشمەرگە و ڕاکێشانی سەرنجی کۆمپانیا و شەریکە گەورە بریتانییەکان بۆ سەرمایەدانان لە کوردستان قسەو باسیان کرد.
لەو ئێوارە خوانەدا هەیئەتی حیزب لەلایەن بەرپرسی تازەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاروان جەمال بە گەرمی پێشوازیی کراو ئەوانیش وێڕای سپاس بۆ بانگهێشتن کردنیان بۆ ئەو کۆبوونەوەیە، هیوای سەرکەوتنیان بۆ نوێنەری تازەی حکومەتی هەرێمی کوردستان خواست.
جێگەی ئاماژەیە کە لە پەراوێزی ئەو ئێوارە خوانە دا هاوڕێیانی حیزبی لە نزیکەوە لەگەڵ چەندین وەزیر، لۆرد و نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراو و کەسایەتی سیاسیی چاوپێکەوتنیان کرد و لە سەر ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران و کوردستان وتووێژیان کرد.
شایانی باسە هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرستیی مەولوود سوارە بەشداری ئەم ئێوارە خوانە بوون.