بەڕێزان ڕێبەری حیزبی دیموکرات
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان
سڵاوێکی گەرمی شؤڕشگێڕانە
ڕژیمی کۆنەپەرست و تێرۆریستی ئیسلامی ئێران بە درێژایی تەمەنی پڕ لە شوورەیی خۆی جگە لە مەرگ و کوشتار و وێرانی هیچ شتێکی دیکەی بە دیاری بۆ گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران پێ نەبووە. گەلەکەمان هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەو ڕژیمەوە بە تێکۆشان و خەباتی چەکداری هەوڵی پاراستنی گەل و وڵاتەکەی داوە و لەو پێناوەش دا هەزاران ڕۆڵەی خۆی کردووەتە قوربانی. ڕێچکەی خەباتی پڕ لە شانازی حیزبەکەمان بە درێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو پڕە لە قوربانی دان و بەخشینی گیان و تا ئێستاشی لەگەڵ دا بێ ئەو کاروانە بەردەوامە کە دوایین ڕیبوارانی ئەو کاروانە لە پسان نەهاتووە، شەهیدانی سەربەرزی ١٦ی خەرمانانی قەڵای دیموکرات و فێرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و ٤ لاوی گەلەمان بوو کە بە غەدر و بوختان و تاوانی ناڕەوا برانە بەر پەتی سێدارە.
ئەو ڕژیمە دژ بە گەلە جگە لە زمانی زۆر و کوشتار هیچ زمانێکی دیکە نازانێ و هەر دەبێ بەو زمانەش وڵامی بدرێتەوە، بۆ ئەو ئەرکە پیرۆزەش یەکبوون و یەکگرتوویی حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە سەرووی هەموویانەوە یەکگرتن و یەکبوونی هەر دووک لای دیموکرات زەروورەت و پێوێستێیەکی بێ ئەم لاو لایە.
مەڵبەندی پێشـمەرگە دێرینەکانی دیموکرات کە بەشێکی زۆر لە پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکانی حیزبی دیموکرات لە خۆ دەگرێ جگە لە سەرکۆنە و ریسوا کردنی هێرشی موشەکی ڕژیمی تێرۆریستی ئیسلامی ئێران، هاوخەمی خۆی پێشکەشی هەموو گەلی کورد، ڕێبەری هەردووک لای دیموکرات و بنەماڵە و کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان دەکات و خۆی لەو خەمە گەورەیە دا بە شەریک و بەشدار دەزانێ.
یەکگرتن و یەکڕیزی حیزب و ڕێکخراوە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان زامنی سەرکەوتن و تێکشانی پیلانە نگریسەکانی ئەو حکومەت و بەکرێگیراوە هەرێمییەکانییەتی.
مەڵبەندی پێشمەرگە دێرینەکانی دیموکرات