حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە بەرەبەری ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور قاسملوو و شەهیدانی دیکەی ڤییەندا بە بەڕێوەبردنی سمینارێک یادو بیرەوەریی شەهید دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بەرز ڕاگرت.
لەو سمینارەدا کە بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ ی پووشپەڕ لە ژێرناوی ” قاسملوو، وانەیەک بۆ خەباتو چرایەک بۆ داهاتوو”و؛ لە سێ پانێلدا بەڕێوەچوو، تیشک خرایە سەر چەند رەهەندێکی فیکریو ژیانی سیاسیی دوکتور قاسملووی نەمر.
ئەو سمینارە بە ڕاگرتنی ساتێک بە بێدەنگی ڕاوەستان بۆ ڕێزگرتن لە یادو بیرەوەریی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکردو بەرنامەی سمینارەکە بە خوێندنەوەی وتارێک لەسەر کەسایەتیی دوکتور قاسملوو لەلایەن وڕیا ڕەحمانی، کادری ڕاگەیاندنی حیزبو بەڕێوەبەری سمینارەکە دەستی پێکردو دوایە پارچە هەڵبەستێکی حیماسی لەلایەن پێشمەرگەی شاعیر، ئەحمەد قادری پێشکێش بەو یادە کرا.
لە پانێلی یەکەمی سمینارەکەدا دوکتور کاوە مەحموود، جێگری سکرتێری حیزبی شیوعیی کوردستانو وەزیری پێشووی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسێکی لە ژێر ناوی” دەورو کەسایەتیو ئەندێشەی دوکتور قاسملوو بەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستانو دیپلۆماسیی کورد لە ئاستی نێونەتەوەییدا” پێشکێش کرد.
دوکتور کاوە مەحموود لە باسەکەیدا پێی لەسەر ئەوە داگرت کە قاسملوو وەک کەسایەتیو سەمبولێکی کورد مڵکی تەنیا حیزبی دێموکڕاتی کوردستانو کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە، بەڵکوو هەموو بەشەکانی کوردستانو حیزبە سیاسییەکانی کورد بەشیان بە دوکتور قاسملووی نەمرەوە هەیەو پێویستە هەموومان لە ژیانی سیاسیی قاسملوو فێر بینو ئەزموونەکانی کە ڕەنگدانەوەو کەڵەکەبوونی بیرو ئایدیاکانی قاسملوویە، بیکەین بە هەوێنی خەباتو تێکۆشان.
جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی شیوعیی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە گرینگیی تایبەتەوە باسی لە سەربەخۆیی فێکریی دوکتور قاسملوو لە مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکاندا کردو چەند نموونەیەکی مێژوویی وەک”بەهاری پڕاگ”ی لەو پێوەندییەدا بە نموونە هێنایەوە.
دوکتور کاوە مەحموود لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا بە وەبیرهێنانەوەی ئەوەی حیزبی دێموکڕات وەک حیزبی دوکتور قاسملوو و لە سەر بنەمای فیکریی ئەو رێبەرە گەورەی کورد قەت لەسەر حیسابی کوردی پارچەیەکی کوردستان پێوەندیی بە دەوڵەتانی ناوچەوە نەبوە، پێی لەسەر ئەو داگرت کە ئەوە بە مانای دابراوبوونی دوکتور قاسملوو و حیزبەکەی لە خەڵکی ئەو بەشانەی کوردستانو خەباتو خولیاکانیان نەبوە، بەڵکوو سەرکردەیەکی نیشتمانیو نەتەوەیی بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان بوو.
جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی شیوعیی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کە بۆ باس لە تایبەتمەندییە فیکرییەکانی دوکتور قاسملوو تەرخانی کردبوو، باسی لە تواناو خوێندنەوە واقعبینانەکانی دوکتور قاسملوو لە لێکگرێدانی شێوازەکانی خەباتی رزگاریخوازانەی کوردی کردو لە بەشی کۆتایی باسەکەیدا گوتی گوناحی گەورە ئەوەیە کە پێمان وابێ قاسملوو هەر پشکی حیزبی دێموکراتو ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لە حاڵێکدا قاسملوو سەمبولو کەسایەتییەکی نەک نەتەوەیی لە ئاستی کوردستان، بەڵکوو لە ئاستی ناوچەییو جیهانی دایەو ئێمە هەموو کات پێویستە لێی فێر بین.
پەنێلگێڕی دووهەمی سمینارەکە ئەنوەر حوسێن، ڕۆژنامەنووسو چالاکیی سیاسی بوو کە باسەکەی لە ژێرناوی ” قاسملوو، سەمبولی حیزبێک، یان نەتەوەیەک” پێشکێش کرد.
ئەنوەر حوسێن لە سەرەتای باسەکەیدا گوتی قاسملوو کەسایەتییەکی لۆکاڵی کورد نەبوو، بەڵکوو کەسایەتییەکی گڵۆباڵ بوو کە ئەگەرچی ئێستا بە جەستە لە نێوماندا نییە، بەڵام بیرو ئەندێشەکانی، ئەزموونو وانەکانی نەک لە خەیاڵگەو بەرنامەکانی حیزبی دێموکڕات، نەک لە نێو خەڵکی ڕۆژهەڵات بەتەنیا، بەڵکوو لە دڵو دەروونی تاک تاکی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان دایە.
ئەنوەر حوسێن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە نەبوونو جێی بەتاڵی دوکتور قاسملوو لە نێو دۆزی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستانی کردو، بە ئاماژە بە ڕۆڵو کاریگەریی دوکتور قاسملوو لەسەر دۆزی کورد پێی لەسەر ئەوە داگرت کە هەر ئەوانە بوونە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بیەوێ قاسملووی گەورە لە نێو ببا، ئەگەرچی بۆ ئەو کارەش تێچوویەکی زۆر بداو ڕازی بێ بۆ هەتاهەتایە پەڵەو نەنگی تێرۆریسمی نێودەوڵەتی نە نێوچاوانییەوە بدرێ.
ئەنوەر حوسێن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە دوکتور قاسملوو بەشی زۆری بە گواستنەوەی چەمکو پرەنسیپە دێموکراتیکەکانی دنیای ڕۆژاوا بۆ نێو حیزبی دێموکڕاتو کۆمەڵگای کوردییەوە هەیە.
بەڕێزیان هەروەها بە ئاماژە بەو کلتوورو وانەو بەهاو بایەخە گرینگانە کرد کە لە رێگەی دوکتور قاسملووی نەمرەوە لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانو سیاسەتەکانیو لەو ڕێگەیەوە لە نێو کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نەهادینە کراوەو هەڵویستی نیشتمانی، بیرکردنەوەی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە نموونە هێنایەوە کە لە چەند بڕگەیەکی تاڵو ناخۆشی مێژووی کورد وەک کۆڕەوەکەی ساڵی 91 و ڕووداوەکانی شەنگالو کۆستو کارەساتەکانی باکووری کوردستاندا لەلایەن حیزبی دێموکڕاتی کوردستانو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پیشان دراون.
لە پەنێلی سێهەمی سمینارەکەشدا دوکتور ئاسۆ حەسەنزادە، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان باسەکەی خۆی لە ژێر ناوی ” ئیڕادە لە فەلسەفەی خەباتگێڕیی دوکتور قاسملوودا” پێشکێش کرد.
دوکتور ئاسۆ حەسەنزادە کە باسەکەی بۆ باس لە هەندێک تایبەتمەندیی فیکریو کردەیی دوکتور قاسملوو تەرخان کردبوو، گوتی دوکتور قاسملوو کە هەموو ژیانی بۆ ڕزگاریی نەتەوەکەی بەخت کردبوو، لە مێژووی خەباتی نەتەوەکەیدا هۆوییەتسازو هۆوییەتبەخش بوو. ئەو بەهۆی ئەو ئاسۆی بیری فراوانو کەسایەتییەکی فرەڕەهەندی هەبوو، کەسایەتییەکی جیهانیی لە خۆی دروست کرد، کەسایەتیی ئەو بەرهەمی ئاڵۆزییەکانو تەزادە کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمی خۆی بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئەو کاتیشدا کە پەرەم پەرەمو لێکترازاو بوو، ئەو زۆر پێش لە خەڵکەکەیو خەڵکانی دیکە کەوتبوو.
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەو بەشە لە قسەکانیدا پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە دوکتور قاسملوو نمادێک بوو لە ” سەنتێزەکان” لە حەدی وەسەتەکان، لە عەقڵانییەت، لە هاوسەنگی، هاوسەنگی لە نێوان پێک دژەکان وەک ڕەسەنایەتیو مۆدێرنیتە، لە نێوان دێموکڕاتبوونو شۆڕشگێڕبووندا، لە نێوان ناسیۆنالیسمو ئیدەئالیسمە مرۆییەکانی دیکەدا، لە نیوان سکۆلاریزمو تەعامول لەگەڵ مەزهەبدا.
دوکتور ئاسۆ حەسەنزادە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پێی لەسەر ئەوە داگرت کە راستە دوکتور قاسملوو خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لە ئێران تیۆریزەو پرسی کورد لە ئێرانی وەک پرسێکی سیاسی تەسبیت کرد، بەڵام ئەو هەر پیاوی تیوری نەبوو، بەڵکوو پیاوی کردەوەش بوو. ئەو سیاسەتی وەک پڕۆسەیەکی خەتێکی چاو لێنەدەکرد، ئەو پراگماتیست بوو. بە شێوەی جۆراوجۆر مانۆڕی دەدا تا لە هەموو دەرفەتەکان بە قازانجی دۆزی گەلەکەیو پرسی نەتەوەکەی کەلک وەرگرێ.
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات لە درێژەی باسەکەیدا بە وردی باسی لە هەندێ لە تایبەتمەندییە دەگمەنەکانی دوکتور قاسملوو کردو تیشکی خستە سەر هیندێک لە وانەکانی قاسملوو بۆ خەباتو ئەندێشەکانی ئەو بۆ ئێستاو داهاتووی خەباتی کورد.
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان باسەکەی بە قسەیەکی دوکتور شەرەفکەندی کۆتایی پێهێنا کە دەڵێ ئەگەر هەموو ئەزموونو دەرسەکانی دوکتور قاسملوو لە یەک دەرسدا کۆبکەینەوە ئەوەیە کە دوکتور قاسملوو سەرنجی ئێمەی بۆ لای هێزی خۆمان ڕاکێشاو تێگەیاندین کە ئەگەر باوەڕمان بە خۆمانو هێزی خۆمان بێ، ئەگەر پشتی یەکتری بگرین دەردەکەوێ کە چ توانایەکی لە بننەهاتوومان هەیە.