بەڕێز نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان
نوێنەرایەتیی یەکیەتی ئەورووپا و لایەنگرانی مافی مرۆڤ
کونسووڵگەریەکانی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان
ڕاگەیەنە گشتییەکان وخەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان
وەک دەزانن چەند ڕۆژێکە رۆژهەلاتی کوردستان بەهۆی جینایەتە یەک لە دوای یەکەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە زامدارە و ئەو بارودۆخە نالەبارەش هەموو کوردستانیانی هەر چوار پارچەی کوردستانی تووشی بێزاری و دڵگرانی کردووە.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە ٨ی سێپتەرمبەری ٢٠١٨، سێ لاوی کورد بە ناوەکانی رامین حوسێنپەناهی، زانیار مواردی و لوقمان مواردی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەسێدارە دران.
هەرلە هەمان ڕۆژ و کاتژمێر ١٠:٤٥ خولەکی پێشنیوەڕۆ، بنکە و بارەگاکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان- ئێران لە قووڵایی خاكی هەرێمی کوردستان لە شاری کۆیە بە مووشەکی دوور هاوێژ مووشەکباران کران، کە بەم هۆیەوە دەیان کەس لە تێکۆشەرانی دێمۆکرات کە ژن و منداڵیشیان لەناودا بوون، شەهید و بریندار بوون و سەدان بنەماڵەی کەمپەکانیان کە ژن و منداڵ و خەڵکی سێڤیلن، ئاوارە و دەربەدەر بوون.
ئێمە کوردستانیانی هەر چوار پارچەی کوردستان لێرە کۆ بووینەتەوە کە دەنگی ناڕەزایەتی خۆمان بەرامبەر بەم کردەوە نامرۆڤانانەی کۆماری ئیسلامی و کەمتەرخەمیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە دەسدێژییەکانی کۆماری ئیسلامی بەرز بکەینەوە و وێڕای ئیدانە و مەحکوومکردنی ئەم کردەوە نامرۆییە داوا لە رێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنگران و چاودێرانی مافی مرۆڤ دەکەین کە ئەم کردەوانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیدانە بکەن و سنوورێک بۆ ترۆریزمی دەوڵەتیی ئەم رێژیمە دابنێن کە تا ئێستا بە سەدان تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە هەرێمی کوردستان تیرۆر کردووە.
رێژیمی ئێران لە ناوخۆی وڵات خەریکی گرتن، کوشتن، لەسێدارەدان و زاڵکردنی کەشوهەوای ئەمنی بۆ سەر ژیانی خەڵکی کوردستانە، لە دەرەوەی وڵاتیش وێڕای دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان و ئاژاوەگێڕی و ناسەقامگیری دروستکردن، سەرلەنوێ ترۆریزمی دەوڵەتیی خۆی وەگەڕ خستووە و بە پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتان و یاسا نێودەوڵەتییەکان، بە هێرشکردن بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکان و ژن و منداڵەکانیان لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان، دەیهەوێت شکست و قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی پێ بشارێتەوە و ڕای گشتی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و کوردستان بەلاڕێدا ببات و ناوچەکە هەرچی زیاتر بەرەو ئاڵۆزی و ناسەقامگیری ببات.
بە پشتبەستن بە هەموو بنەما نێوەنەتەوەییەکان و لەڕووی ئەرکی نەتەوەیی و ئەخلاقییەوە لێرەدا کۆ بووینەتەوە کە کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی ئیدانە بکەین و لە هەمانکاتدا داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی دەکەین چیتر بەرامبەر بە تیرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی بێدەنگ نەبن و پێش بە سیاسەتی قەلاچۆکردنی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئەو رێژیمە دیکتاتۆرەوە بگرن و هاوکات پشتیوانی لە خەباتی ڕزگاریخوازی و مافە ڕەواکانی گەلی کورد بۆ گەیشتن بە ئازادی بکەن.
نوێنەرایەتیی ژمارەیەک لە حیزب و لایەنە سیاسی و جەماوەییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان
١٢ی سێپتەمبەری ٢٠١٨ ی زایینی