٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ ٢٦ ساڵ بەسەر تێرۆر کرانی شەهیدی رێبەر، دوکتور عەبدولرەحمانی قاسملوو بەدەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری “ڤییەن”ی پێتەختی وڵاتی ئۆتریشدا تێدەپەڕێ. ئەوە لەحاڵێک دایە کە تۆز و خۆڵی زەمانە نەیتوانیوە لە گرینگیی ئەو کارەساتە شوومە و گەورەیی ئەو مەزنە پیاوەی مێژووی هاوچەرخی کورد کەم بکاتەوە.
د. قاسملوو سەرەڕای ئەوەیکە رێبەرێکی هەڵکەوتەی خەباتی هاوچەرخی کورد لە چوارچێوەی بزووتنەوەی رزگاریخوازانە و میللی_ دێموکراتیکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بوو، لەهەمان کاتدا تیۆریسییەنێکی شارەزای گۆڕەپانی سیاسییش بوو کە تەئسیر و کاریگەریی ئەندێشەکانی زۆر زوو سنووری رۆژهەڵاتی کوردستانی تێپەڕاند و نەتەنیا هەر لە پارچەکانی دیکەی کوردستاندا بەڵکوو لە ئاستێکی بەرینی نێونەتەوەییدا درەوشایەوە. بەجۆرێک کە تا ئێستا وەک “مۆدێرنیتەی رێبەرانی کورد” و وەک “پێغەمبەری ئاشتی” پێناسە کراوە.
خولیای سیاسی و خەباتی د. قاسملوو تەنیا رزگاریی نیشتمان نەبوو، بەڵکوو لە مەودایەکی هەراوتردا خەونی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دێموکراتیک و پێشکەوتنخوازانەی بۆ مرۆڤی کورد و نیشتمانی کوردستان دەدی و بەم پێیەش دیسکۆرسی خەباتی سیاسی و بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی حیزبی دێموکرات و رۆژهەڵاتی کوردستانی لەسەر بنەمایەکی میللی دێموکراتیکانە داڕشت. بەشێکی زۆری نزیکایەتی و دۆستایەتیی ئەو کەسایەتییە سیاسی و مرۆڤدۆستانەی کە ئێستا بەپیری پرسی کوردەوە دێن و لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکاندا بەرگریی لێ دەکەن، دەگەرێتەوە بۆ هەوڵ و تێکۆشانی بێ وچانی دیپلۆماسیی د. قاسملوو و ئەو کاریگەرییە بەرفراوانە سیاسییەی کە لە مەیدانی سیاسەتی جیهانیدا داینا و وەک میراتێکی بایەخدار لەدوای خۆیەوە بۆ حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی نەتەوەی کورد بە گشتی بەجێی هێشت.
گرینگیی رێباز و ئەندێشەکانی د. قاسملوو تەنیا لە چوارچێوەی سەردەمی خۆیدا بەرتەسک نابێتەوە و هەرچی زیاتر بەسەر کاتی شەهیدبوونیدا تێدەپەڕێ، حەقانییەت و گرینگییەکەی زیاتر دەردەکەوێ و خۆ دەنوێنێ.
بە تێپەڕبوونی چەند ساڵێک پاش شەهیدبوونی د. قاسملوو خەبات و بەرخۆدان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هاتنە کایەی هەندێک فاکتەری نێوخۆیی و دەرەکی مێتۆدی خەبات گۆراو هێزە شۆرشگێرەکانی ئەم پارچەیەی نیشتمان پاشەکشەیەکی مێژووییان بەرەو قووڵاییەکانی خاکی باشووری کوردستان دەست پێکرد. بەجۆرێک کە بۆماوەی نزیک بە دوو دەیە خەبات لەم پارچەیەی کوردستان نەیتوانی بەنیسبەت هاوکێشە سیاسییەکانی ئێران و بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە کاریگەری چاوەروان کراوی هەبێ. کەچی جموجۆڵەکانی یەک دوو ساڵی رابردووی حیزبی دێموکرات کوردستان و هێزە سیاسییەکانی دیکە ، وەگەڕ کەوتنی بزاڤێکی بەرینی جەماوەری لەنێوخۆی وڵاتدا، دوبارە و بۆجارێکی دیکەش بابەتی خەبات و بووژانەوەی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردی لە رۆژهەلاتی کوردستان خستۆتەوە نێو بازنەی باس و هاوکێشە سیاسییەکانی نێوخۆیی و دەرەوە.
بەرجەستە بوونەوەی گوتاری “رۆژهەڵات مێحوەری” و پێکهاتنی هێزی “پارێزەرانی رۆژهەڵات” وە چوونەوەی هێزی پێشمەرگەی دێموکرات بۆ سەر سنوورەکان و هەروەها هاتنە ئارای بەدەیان رێکخراو و” ئێن. جی ئۆ” و دامەزراوەی سیاسی و مەدەنیی چالاک لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، مزگێنیی سەردەمێکی نوێ لە خەباتی میللی دێموکراتیکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانمان پێ دەبەخشێ.
بەرۆژەڤبوون و پێشکەوتنی پرسی کورد لە ئاستی ناوچەیی و جیهانی و هەروەها دروستبوونی ئینتما و عەقڵانییەتی قووڵ و گشتگیری نەتەوەیی لەنێو کۆمەلانی خەڵکی کوردستاندا بەهەموو پێکهاتە و ناوچە جۆراوجۆرەکانیەوە ترسێکی وەها بەرینی خستۆتە نێو دڵی رێژیمەوە کە رۆژ نییە رۆڵەیەکی ئەم نیشتمانە بە بێ تاوان راپێچی ئەشکەنجەخانەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی نەکرێ و بە پەتی بێدادی سێدارەیان نەسپێرێ و تەنانەت لە ژینگە و دارستانەکانی کوردستانیش خۆش نابن.
ئەگەرچی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک بەشێکی دانەبڕاوی نیشتمانی گەورەی کوردان دێتە ئەژمار بەڵام دەرکی واقعییەت و هاوکێشە تایبەتەکانی ئەم پارچەیە گرینگیی تایبەتی خۆی هەیە و لێکدانەوە و کاری تایبەتیشی دەوێ. هەربۆیەش پێویستە کوردی رۆژهەڵات بۆ جارێکی دیکەش بە گیانێکی مەیداندارانەوە بە بەرجەستەکردنەوەی هێما و نمادە نەتەوەییەکانی خۆیەوە بێتەوە مەیدانەوە و بە دەرس وەرگرتن لە وانەکانی خەباتی شەهید د. قاسملوو و لەژێر رۆشنایی ئەندێشەکانی ئەودا هەنگاوێکی دیکە بەرەو سەرکەوتن باوێژێ و لاپەرەیەکی نوێ لە خەبات و بەرخۆدان لەم پارچەیەی کوردستاندا تۆمار بکات.
بەلەبەرچاو گرتنی واقعییتەکانی ئێستای خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان و پێویستیی سەرهەڵدانەوەی بزووتنەوەیەکی بەرین و گشتگیری جەماوەری لەم پارچەیەی کوردستاندا، زەروورەتی گەڕانەوە بۆ رێباز و بنەماکانی ئەندێشەی سیاسیی د. قاسملوو هەرچی زیاتر خۆی دەنوێنێ و وەک حەقیقەتێکی لەبڕان نەهاتوو لە ئێستا و داهاتووشماندا بوونی هەیە. هەر بۆیەشە کە بەراستی قاسملوو؛ وانەیەکە بۆ خەبات و چرایەکە بۆ داهاتوو.