هێزە بەکرێگیراوەکانی رێژیم لە ناوچەسنوورییەکانی مەریوان هەڕەشە لە خەڵکی ناوچەکە دەکەن و پێیان دەڵێن کە بۆیان نیە هاوکاریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکەن.
بەگوێرەی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی لە فەرماندەیی هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بە ناوەندی هەواڵی “کوردستان و کورد” گەیشتووە، ماوەی چەند رۆژێکە دەستەیەک لە بەکرێگیراوانی رێژیم لە ناوچە سنوورییەکانی شاری مەریوان، بە سەرپەرەستیی سەعیدی حەمەی سەرداری بەرێگیراو، بە مەبەستی دۆزینەوەی رێوشوێنی هێزەکانی پێشمەرگە بە ئاواییەکاندا دەگەڕێن و هەڕەشە لە خەڵکی ناوچەکە دەکەن کە نابێ هاوکاریی پیشمەرگە بکەن.
بە پێی زانیارییەکان ئەم دەستە لە بەکرێگیراوانی رێژیم بۆ خۆ دزینەوە لە پێشمەرگەکان بە زۆر ماشێن لە خەڵکی کاسبکاری ناوچە سنوورییەکان وەردەگرن و بە ناوچەکەدا دەگەڕێن و بە مەبەستی خیانەتکردن لە رۆڵە خەباتکارەکانی گەل، جموجۆڵی کاسبکاران و خەڵکی ناوچەکە دەخەنە ژێر چاودێرییەوە.
هەر لە پێوەندی لەگەڵ جموجۆڵی هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم لە ناوچە سنوورییەکان، ستادی فەرماندەیی هێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بناری هەڵگوردەوە بە “کوردستان و کورد”ی راگەیاند کە لە سنوورەکانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان لە نزیک شارەکانی شنۆ و پیرانشار هیزەکانی سەر بە سپای پاسداران و بەسیجی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند رۆژێکە جموجۆڵەکانیان بەرچاوترە.