سەرەنجام رێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، شەممە 17ی خەرمانان بەرامبەر بە 8ی سێپتامبری 2018 سێ کەس لە بەندییە سیاسییەکان بە ناوەکانی رامین حوسێن پەناهی، زانیار و لوقمان مرادی لە بەندیخانەی رەجایی شاری کەرەج لە سێدارەدا. ئەم سێ کەسە تەنیا بە تاوانی دژایەتی و خەبات لەدژی رێژیم لە سێدارە دران.
رێژیمی کۆماری ئیسلامی هاوکات هەر لەو رۆژەدا و چەند کاتژمێر دوای بەڕێوەبردنی حوکمی ئێعدامی ئەم سێ بەندییە سیاسییە، لە کاتژمێر 10 و 45 خولەک بنکە ناوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە قووڵایی خاکی کوردستان عێراق دایە بە هێرشی مووشەکی. بەداخەوە لە ئاکامی ئەم هێرشانەدا زیاتر لە دە کەس لە کادر و پێشمەرگەکانی ئەم دوو حیزبە گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسیش بریندار بوون.
ئەمجۆرە جینایەتانە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا شتێکی تازە نین. رێژیمی کۆماری ئیسلامی هەرکات کەوتبێتە ژێر گوشاری جەماوەر، بە شێوەیەکی زۆر ترسنۆکانە هەوڵی داوە بە لەداردانی بەندکراوانی سیاسی یان کردەوەی تیرۆریستی یان بۆمباران و مووشەکبارانی ناوەندەکانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی چەکدار، ترس بخاتە دڵی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و کوردستان. هاوکاتبوونی ئەم جینایەتەی رێژیم لەگەڵ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکانی رێزگرتن لە یادی کوژراوانی کوشتارەکانی دەیەی شێست و شەپۆلی مەحکووم کردنی کۆماری ئیسلامی، هەڵگری ئەم پەیامەیە کە سەرەڕای ئەم خەبات و خۆڕاگرییانە، رێژیم دەست لە هیچ جینایەتێک هەڵناگرێ. رێژیمی کۆماری ئیسلامی مل کەچ کردن لە بەرامبەر گوشارە نێوخۆییەکانی ئاوێتەی توندترکردنی کەشوهەوای سەرکوت لە نێوخۆی وڵات کردوە. بەڵام خەڵکی خەباتکاری کوردستان و سەراسەری ئێران هەموو جارێ بە پێشاندانی هاوپێوەندیی خەباتەکەیان، وڵامێکی شایانیان بە کۆماری ئیسلامی داوەتەوە. ئەمجارە کە رێژیم لە ئاستی سەراسەریدا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە کەوتۆتە ژێر گوشاری مانگرتنە کرێکاری و جەماوەرییەکان و، چەکی تۆقاندن و سەرکوتی جارانی بە دەستەوە نەماوە، لەگەڵ دژکردەوەیەکی زۆر توندتر بەرەوڕوو دەبێتەوە.
تا ئێستا بە وەبەرچاوگرتنی چۆنیەتیی پێوەندییەکانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانی عێراق لەگەڵ دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە، حکوومەتی هەرێم لەبەرامبەر ئەم جۆرە دەستدرێژییە ئاشکرایانە و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی کە ئەمنییەتی خەڵکی کوردستانی عێراقیان خستۆتە مەترسییەوە، نەک هەر دژکردەوەیەکی توندی نەبووە، بەڵکوو بەرپرسیارییەتییە فەرمییەکانی خۆی لە ئاست پاراستینی ئەمنییەتی گیانیی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی نیشتەجێ لە کوردستانی عێراقی بەجێ نەگەیاندوە. ئەوە لە حالێکدایە کە بەرپرسیارێتیی دابین کردنی ئاسایشی گیانیی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی نیشتەجێ لە کوردستانی عێراق لە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. لە وەها بارودۆخێکدا ئەوە خەڵکی کوردستانی عێراقن کە بە ئامادەبوون لە مەیدانی خەباتی سیاسیدا دەتوانن دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتەکانی دیکەی ناوچەکە پووچەڵ بکەنەوە.
ئێمە واژۆکەرانی ئەم راگەیەندراوە وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی قووڵی خۆمان لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵە و کەسوکاری ئەم سێ بەندییە سیاسییە و پێداگری لەسەر گرنگیی ئەو هەوڵانەی بۆ هەڵوەشاندنەی حوکمی ئێعدامی ئەم ئازیزانە دران، ئەم جیناتەی کۆماری ئیسلامی مەحکووم دەکەین.
هەروەها هێرشی جینایەتکارانە بۆسەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە توندی مەحکووم دەکەین و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکار و هاوڕێیانی گیان بەختکردوان دەکەین و ئاواتی چاکبوونەوەی هەرچی زووتری بریندارەکان دەخوازین.
ئێمە چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازی سەراسەری ئێران بانگهێشت دەکەین کە بە بەرگری لە ئازادکردنی بێ مەرجی هەموو بەندییە سیاسییەکان، دەربڕینی تووڕەیی لە سزای لە سێدارەدان و پەرەپێدانی نارەزایەتییەکان لە دژی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان، هاوپێوەندی و گرێدراویی چارەنووسی خەباتی خەڵکی مافخواز لە سەراسەری ئێران پتەوتر و بەربڵاوتر بکەن.
بڕووخێ رێژیمی سەرمایەداری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم!
18ی خەرمانانی 1397
9ی سێپتامبری 2018
ئیمزاکان:
ئیتحادی فەدائیانی کۆمۆنیست
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حیکمەتیست
رێکخراوی راهی کارگەر
رێکخراوی فەدائیان ئەقەلییەت
هەستەی ئەقەلییەت